کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا هەڕەشەی لە خۆپیشاندەرانی لوبنان کرد

12:34 - 4 خەزەڵوەر 2719

 کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکانی لوبنان دژی سیستمی گەندەڵی ئابووریی ئەو وڵاتە درێژەی هەیە و هەڕەشە لە خۆپیشاندەران کرا کە واز لە خۆپیشاندان بێنن.

"حەسەن نەسروڵڵا"، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە، سەرەڕای هەڕەشە لە خۆپیشاندەران، هۆشداریی دایە ئەو حیزبانەی کە دەیانهەوێت لە حکوومەت بکشێنەوە.

ناوبراو وتوویەتی: "ئەوانەی ئێستا لە حکوومەت دەکشێنەوە، دەبێ دادگایی بکرێن".

دوای هۆشداریی ناوبراو، حیزبی "قواتـ"ـی لوبنان چوار وەزیری خۆی لە حکوومەتی لوبنان کشاندەوە.

خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ئۆکتۆبر، دەستیان پێکردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەت دەکەن.

ڕێژیمی ئێران دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتی لوبنان و پشتیوانی لەو گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا دەکات.

لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست. پێکهاتەی ئەو وڵاتە لە عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیاسییەکان بەم شێوەیە:

-  سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی

-  سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننە مەزهەب

-  سەرۆکایەتی پارلمان بۆ پێکهاتەی شیعە مەزهەب

بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی ١٩٧٥ هەتا ١٩٩٠ی زایینی، شەڕی نێوخۆیی لە نێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی ١٢٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە نێوخۆی وڵاتەکە.