کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵای لوبنان سندووقی سواڵکردنی داناوە

12:49 - 6 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: حیزبوڵڵای لوبنان لە شەقامەکانی لوبناندا، سندووقی سواڵکردنی داناوە و داوای پارە لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەکات.

پاش وەگەڕخستنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر حیزبوڵڵای لوبنان و بەتایبەت گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و خستنە نێو لیستی ڕەشی تێرۆریستی سپای پاسداران کە سەرچاوەی دارایی ئەو گرووپە تێرۆریستییەیە، حیزبوڵڵا لە شەقامەکانی لوبناندا سندووقی سواڵکردن و خێراتیان داناوە.

حیزبوڵڵای لوبنان، بە هۆکاری گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، سەرچاوەی سەرەکیی دارایییەکەی وشک کراوە و لە سەرجەم شەقام و شوێنە گشتییەکانی لوبناندا سندووقی سواڵکردن و خێراتیان داناوە کە لەسەریان نووسراوە: "پێویستمان بە پاڵپشتی و یارمەتییەکانی ئێوەیە".

پێشتریش مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە کۆبوونەوەی "Aipak"ـدا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندبوو: حەسەن نەسرۆڵڵا، سەرۆکی گرووپی تێرۆریستی حیزوڵڵای لوبنان، کەشکۆڵی سواڵکردنی هەڵگرتووە و لە شارەکانی لوبناندا سواڵ دەکات و داوای خێرات لە خەڵکی دەکات و ئەمەش هەواڵێکی خۆشە.

بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران،  کە سەرچاوەی سەرەکیی داراییی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە و بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنانە، سەرچاوە داراییەکانیان وشک کراوە و ئەو گرووپانەی ناچار بە سواڵکردن و باجوەرگرتن لە خەڵکی ئەو وڵاتانە بوون کە تێدا سەریان هەڵداوە و جێگیر کراون.

لەم پەیوەندییەدا، ماوەیەک پێش، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندبوو: گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو بوودجە ۷۰۰ میلیۆن دۆلارییەی بڕیوە، کە ساڵانەی ڕێژیمی ئێران بە حیزبوڵڵای لوبنانی دەدا.