کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵای لوبنان لە بیری جێگرەوە بۆ "قاسم سلێمانی" دایە

11:44 - 24 رێبەندان 2719

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە، حیزبوڵڵای لوبنان پاش کوژرانی "قاسم سلێمانی" گەورە تێرۆریستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەرانی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، لە هەوڵی دانانی جێگرەوەیەکە بۆ ئەو تێرۆریستە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانیشتنی بەرپرسانی حیزبوڵڵای لوبنان، لەگەڵ ڕێبەرانی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، باسیان لەوە کردووە کە دەستبەجێ پاش کوژرانی تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، لە هەوڵی دیاریکردنی جێگرەوەیەک لە عێراقدا بۆ "قاسم سلێمانی"ـن.

ئەو دوو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە، ئامانج لەو دانیشتنە "هاوئاهەنگیی بەرنامە سیاسییەکان" و یەکڕیزیی ئەو دوو لایەنە پاش لەنێوچوونی تێرۆریست "قاسم سلێمانی''ـیە.

هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران، حکوومەتی عێراق و وتەبێژی گرووپە میلیشیاکان، هیچ کامەیان ئامادە نەبوونە بە نیسبەت بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییە لێداونێک بدەن.

تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی پێشووی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و "ئەبو مەهدی موهەندیس"، فەرماندەری میلیشیاکانی عێراق، لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئامریکادا لە عێراق کوژران.