
بەدوای داخوازیی وەزیری گەشتیاریی لوبنان لە حیزبوڵڵا سەبارەت بۆ کۆکردنەوەی وێنەی کەسانی نیزامی و سیاسیی ڕێژیمی ئێران لەوانە "قاسم سلێمانی" لە سەر جادەی فڕۆکەخانەی بەیرووت، حیزبوڵڵا ئەو داواکارییەی قەبووڵ کرد.
وەزیری گەشتیاریی لوبنان ئەو داواکارییەی بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری لەو وڵاتە ئەنجام داوە و پێشنیاری کردووە: "بە جێگای وێنەی کەسانی ڕێژیمی ئێران باشترە وێنەی وڵاتەکەمان لەو جادەیە هەڵواسین".
جادەی بەیرووت ـ فڕۆکەخانە لەژێر چاوەدێریی شارەداریی سەر بە حیزبوڵڵای "لوبنانـ"ـە و ماوەی چەند ساڵە وێنە و تەبلیغات بۆ ڕێژیمی ئێران لەو ڕێگایە هەڵواسراوە. بە جۆرێک کە بەشێک لە گەشتیارانی بیانی ئەو جادەیە وەک "بەشێک لە تارانـ"ـی پێتەختی ئێران وەسف دەکەن.
جگە لەوەیکە وێنەی تێرۆریستان "قاسم سلێمانی" فەرماندی سپای قودس و "ئەبوومەهدی موهەندیس" فەرماندەی پێشوەی حەشدی شەعبی لە پاڵ وێنەی کوژراوانی حیزبوڵڵای لوبنان و جووڵانەوەی "ئەمل" لەو جادەیە هەڵواسراوە، ئەو جادەیە بە ناوی "خومەینی" ڕێبەری پێشووی ڕێژیمی ئێران ناودێر کراوە.