حیزبی ئازادی كوردستان- سووریه بەنیسبەت ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان بەیانییەیەکی بڵاوی کردەوە و لەو بەیانییەدا هاتووە ئه‌م تاوان و جینایەته نوێیانه‌ی ڕێژیمی ئێران دژی گه‌له‌كه‌مان له كوردستانی ئێران به تووندی مه‌حكووم ده‌كه‌ین.
بەیانییەکە بەم چەشنەیە:
به‌یاننامه‌ی مهحكوومكردنی تاوانه‌كانی ڕێژیمی ئێران دژی گرتن و ڕفاندنی چالاكانی مه‌ده‌نیی كورد
له بارودۆخێكدا كه گشت جیهان به هه‌لومه‌رجێكی ناسک و كاره‌ساتباردا تێده‌په‌رێ و هه‌موو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی كه‌وتووته به‌ر په‌لاماری بێ به‌زه‌ییانه‌ی په‌تای كۆرۆنا و جۆری نوێ و بگۆڕه مه‌رگهێنه‌ره‌كانی ئه‌م به‌ڵایه، له‌كاتێكدا كه زۆربه‌ی ناوچه‌كه كه‌وتووه‌ته ژێر سێبه‌ری كه‌شێكی نوێی سه‌رماوسۆڵه‌ی تاقه‌تپڕوكێن؛ له ڕۆژانێكدا كه سه‌رۆكی نوێی ویلایه‌ته یه‌كگرتووكانی ئا‌مریكا به‌ڕێز جۆبایدن تازه به تازه ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه گرتووه و زۆرێک له خه‌ڵكانی جیهان چاوی هیوایان بڕیوه‌ته به‌ڵێن و هه‌وڵه یاسایی و سیاسییه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ریی پرسه ئاڵۆزه‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست و چاوه‌ڕوانییه‌كانی پێوه‌ندیدار به مافی مرۆف له ناوچه‌كه‌دا؛ له‌وه‌ها كات و بارودۆخێكدا، هێزه تاوانكار و سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕێژیمی ئێران ده‌ستیان داوه‌ته ڕفاندن و خولقاندنی كه‌شێكی پڕ له ترس و تۆقدندن له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دژی شارۆمه‌ندانی بێتاوانی كورد.
دیسانەوە كۆمه‌ڵیكی تر تاوان و جینایه‌تیان به زه‌نجیره‌ی كارنامه‌ی ڕه‌شی تاوانكارییهكانیان دژی كورد زیاد كردووه. له ماوه‌ی كه‌متر له مانگێكدا به شێوه‌یه‌كی نایاسایی و نامرۆی زیاتر له ١٠٠چالاكی مه‌ده‌نی و كولتوریی كوردیان ڕه‌وانه‌ی زیندانه بهدناوهكانیان كردوه و، پتر له‌وه‌ش ده‌ستیان به سه‌ر مڵک و ماڵهكانیانیاندا گرتووه.
به‌داخه‌وه هه‌موو ئه‌و دۆخه مهرگهساتبارهی كۆرۆنا و سه‌رماو ۆسۆڵه و هه‌ژاری و ڕۆژەڕهشیش نه‌یتوانیوه ببێته مایه‌ی بزواندنی هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی و به‌زه‌ی لای كاربه‌ده‌ستانی ئێران له كوردستان و، به‌و حاڵه‌ش كۆمه‌ڵێكی یه‌كجار زۆر له ڕۆڵه‌كانی كوردیان له په‌نای بنهماكهكانیان ڕفاندووه و خه‌م و دڵهڕاکەیان كردووه‌ته میوانی ئه‌م رۆژه سه‌ختانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان.
هه‌روه‌ها له‌م ڕۆژانه‌شدا گه‌له‌كه‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات، بۆنه‌ی یوبیلی ئه‌ڵماسیی ٧٥ ساڵه‌ی له‌دایکبوونی یه‌كه‌م حكوومه‌تی سه‌رده‌میانه‌ی كورد ( كۆماری كوردستان) به سه‌رۆكایه‌تی شه‌هید قازی محه‌ممه‌د و له‌ژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان و سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ڕه‌قیب كه له چورچرا ڕاگه‌یاندرا، جێژن ده‌گرێ.
یادی كۆمارێک به‌رز ڕاده‌گرین كه په‌ناگایه‌كی قایم و ئه‌مین بوو بۆ زۆربه‌ی خه‌باتكارانی ئه‌و كاتی رێگایی ئازادی كورد.
به‌داخه‌وه كۆمار هه‌ر به ساوایی و له‌به‌ر پیلانگێڕی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی گه‌وره هێزانی جیهانی و به له‌شكه‌ركێشی سپای دڕه‌نده و پڕچه‌كی شای ئه‌و كاتی ئێران بۆ سه‌ر شاری مه‌هاباد و له سێداره‌دانی قازی محه‌ممه‌د و هاوریانی له چوارچرا، كه وه‌فادارانه به ئامانجه‌كانی گه‌ڵ گیانی پیرۆزیی خۆیان كرده قوربانیی پاراستنی گه‌ل و ڵات، تێكڕووخێندرا و؛ به‌و چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتدارانی تاوانباری ئه‌و كاتی ئێران تاوانێكی گه‌وره‌یان ده‌رهه‌قی گه‌لی كورد خولقاند.
ئێمه له حیزبی ئازادی كوردستان-سووریه ئه‌م تاوان و جیناییهته نوێیانه‌ی ڕێژیمی ئێران دژی گه‌له‌كه‌مان له كوردستانی ئێران به تووندی مه‌حكووم ده‌كه‌ین و پشتیوانیی خۆمان بۆ مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كورد بۆ ژیانێكی به كه‌رامه‌ت له سه‌ر خاكی خۆیی ده‌رده‌بڕین.
داوا ده‌كه‌ین كه كۆڕ و كۆمه‌ڵه مه‌ده‌نی و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ له جیهان و، ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گوشار بخه‌نه سه‌ر ئێران و به هانای چالاكانی به‌ندكراو و مه‌ده‌نیی كوردوه بچن و، پێش به تاوانكارییه‌كانی ڕێژیمی ئێران بگرن.
داواكارین كه رێكخراوه جیهانیه‌كان به‌رپرسایه‌تی ئه‌خلاقی وه‌ئه‌ستۆ بگرن و بێده‌نگیی بشكێنن و سنوورێک بۆ ده‌ستدرێژی و ماف پێشلكارییه سیستماتیهكانی ڕێژیمی ئێران، كه دژ به هه‌موو یاسا و ڕێسا مرۆیی و نێونهتهوهیهكانه، دیاری بكه‌ن.
به‌و هیوایه كه به ههوساركردنی سته‌مكاری و دوژمنكارییه‌كانی ڕێژیمی ئێران ده‌رهه‌ق به ماف و ئازادییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و، له ساییه‌ی مافی دیارییكردنی چاره‌نووس، به‌پێی یاسا و ڕێسا نیونهتهوهیهكان، ده‌رفه‌تێكی له‌بارتر بۆ پێكهاتنه‌وه‌ی كۆمارێكیتری كوردستان بڕه‌خسێته‌وه.