کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی بەلووچستان ڕاجی تپاکی: پشتیوانی لە خەباتی مافخوازانەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەکەین

13:05 - 2 پووشپەڕ 2720

"حیزبی بەلووچستان ڕاجی تپاکی"، تۆپباران و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە مەحکووم کرد.

لە بەشێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ جارێکی دیکە بنکەی پێشمەرگەکانی کوردستانیان لە ناوچە سنووریییەکان تۆپباران کرد و ترسی خۆیان لە بەرامبەر مافخوازیی نەتەوەی کورد نیشان دا".

لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "ئەو جینایەتەی ڕێژیمی گەندەڵ و جینایەتکاری ئیسلامیی ئێران جاری یەکەم نییە و دوایین جاریش نییە کە هێرش دەکاتە سەر کوردستان و تا ڕێژیمی فاشیزمی ئێران لەسەر کار بێت لە هیچ جینایەتێک دەرحەق بە نەتەوەی کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکەمەن و تورک دەست هەڵناگرێت".

لە کۆتایی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "حیزبی بەلووچستان ڕاجی تپاکی، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشە دڕندانەیەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگەکانی کوردستان، لە خەباتی مافخوازانەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان پشتیوانی دەکەین".

 چەند وڵاتێکی جیهان، حیزب و لایەنی کوردستانی و ئێرانی کە بریتین لە: "عەرەبستان، میسر، عێراق، هەرێمی کوردستان و حیزبی خەڵکی بەلووچستان، حیزبی بەلووچستانی ڕاجی تپاکی و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، تۆپباران و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتیان لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە مەحکووم کردووە.