کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: بەرخۆدان لەپێناو ماف و سەربەستی لە هەموو شێوەکانی خۆیدا درێژەی هەیە

09:35 - 21 پووشپەڕ 2722

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی شەهیدانی ڤییەن بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٣٣ ساڵەی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی

٢٢ی پووشپەڕ بەرانبەر بە ١٣ی ژووییەی زایینی وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژێکی تاڵ و زامێکی قووڵ و بەژان بۆ کورد و غەدرێکی گەورە و جینایەتێکی سامناک و لەبیرنەکراوی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەی کوردە.

لەو ڕۆژەدا لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٨٩ی زایینی، تیمێکی تێرۆری کۆماری ئیسلامی کە لە بەرگی دیپلومات و بە پاسپۆرتی دیپلۆماتیکەوە بە بیانووی وتووێژ لەگەڵ دوکتور قاسملوو بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسی و ئاشتییانە بۆ پرسی کورد لە ئێراندا، بەڕێی "وییەن" لە وڵاتی ئۆتریش کرابوون، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزب هاوڕێ لەگەڵ کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ کوردی باشوور و مامۆستای زانکۆیان لەسەر مێزی وتووێژ شەهید کرد.

ڕێژیمی ئیستبدادیی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی خۆی بەرانبەر بە جیابیران لەسەر بناخەی لەنێوبردن و تێرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن داڕشتبوو و لە سیاسەت و باوەڕی پتەوی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات بە دیالۆگ و ڕێگەچارەی دێموکراتیک و سیاسیی پرسی کورد لە ئێراندا ئاگادار بوو، ئەوەی وەک دەرفەت بۆ ڕاکێشانی دوکتور قاسملوو بۆ سەر مێزی وتووێژ قۆستەوە و بە تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، دڵڕەشی و دوژمنایەتیی بێسنووری خۆی بەرانبەر بە ماف و ئازادیی نەتەوەی کورد بە دنیا نیشان دا.

کۆماری ئیسلامی بەدوای گەیشتن بە دەسەڵات، کوردستانی ڕاپەڕیو و جووڵانەوەی ئازادیخواز و دێموکراتیکی کوردستانی بە نەیار و کۆسپێکی گەورە بۆ سەپاندنی حاکمییەتی دژیگەلی خۆی دەزانی و سەرکوتی ئەو جووڵانەوە پێشکەوتنخوازانەی لە سەرەوەی ئەولەوییەتەکانی خۆی دانا.

ڕێژیم سەرەتا ویستی لە ڕێگای هێرشی بەربەرینی نیزامیییەوە کورد و کوردستان بەچۆکدا بێنێ، بەڵام لەگەڵ بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی کەموێنەی خەڵک و هێزی پێشمەرگە بەرەوڕوو بوو و پاشەکشەی پێ کرا.

ئەوکاتە بوو کە حکوومەتی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ئێران کەوتە داڕشتنی پیلانی تێرۆری قاسملووی مەزن، بەو هیوایە کە بە لێدانی سەری جووڵانەوە، بزووتنەوە تووشی شکست دەبێت و خەباتی کورد بۆ ئازادی و ڕزگاری کۆتایی پێ دێت.

 

ڕێژیمی دواکەوتوو و ئیدئۆلۆژیکی ئێران ئێستاش تێنەگەییوە کە نەتەوەی کورد بڕوای بە خەباتی ڕەوا و دێموکراتیکی خۆی هەیە و بڕیاری داوە هەتا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی لە تێکۆشان و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت، دیکتاتۆری سەرکوتکەر بەچۆکدا دێنێت و جێژنی ڕزگاربوون لە ژێردەستی دەگرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئێستاش و زۆر ئاشکراتر لە ڕابردوو، دەبینین کە کۆماری ئیسلامی بە بەرچاوی دنیاوە تێرۆریزمی دەوڵەتی وەک کەرستەی بەرەنگاربوونەوەی ئۆپۆزسیۆن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی تێرۆرستی و تێکدەرانەی خۆی لە ناوچەدا، درێژە پێ دەدا.

بارودۆخی ئەوڕۆی ئێران لە ساڵەکانی پار و پێرار و پێشووتر شێواو و شپرزەتر بووە. قەیرانە نێوخۆییەکان لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەمنییەتی، گرانیی هەوسارپچڕاو، بێکاری، هەژاری و دیاردەی برسیەتی، قەیرانی ناکارامەیی، قەیرانی ئیدئۆلۆژیک و مەشەڕووعییەتی سیاسی و مەزهەبیی ڕێژیم، گەندەڵیی حکوومەتی هاوکات لەگەڵ قەیرانی پێوەندی و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و دەرەوەی ناوچە، بە شێوەیەکی باوەڕنەکراو پەرەیان سەندووە و ڕێژیم لە وڵامدانەوە بە سەرەتاییترین داوخوازەکانی خەڵک داماوە.

ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و بەر لە هەموویان عەلی خامنەیی، بەهیوا بوون بە دیاریکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنی ۲۸ی جۆزەردانی ١٤٠٠ و یەکدەستکردنی حاکمییەت، دەتوانن بەسەر ئەو کێشە و قەیرانانەی کە بەرهەمی سیاسەتەکانی خۆیانن، زاڵ بن و درێژە بە حکوومەتکردن بدەن.

بەڵام دیتمان کە دوای زیاتر له‌ ساڵێک تێپه‌ڕین به‌سه‌ر شانۆی هەڵبژاردندا، هیچکام لە ئامانجەکانی حاکمییەت نەهاتوونەتە دی. بەپێچەوانە، لەلایەک ناکۆکی و ناتەبایی نێوخۆی ڕێژیم زۆر زیاتر و ئاشکراتر لە پێشوو زەق بوونەتەوە و ڕێبەران و بەرپرسانی حکوومەت بە نووسراو و ڤیدیۆ و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەندەڵی و جیناتەکانی یەکتر لەقاو دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە قەیرانەکان نەک هەر چارەسەر نەکراون، بەڵکوو بەشێوەی نەدیتراو قووڵتر و مەترسیدارتریش بوونەتەوە.

گرانیی تاقەتپڕووکێن لەلایەک و ئاوسانی کۆنترۆڵنەکراو و دابەزینی نرخی دراوی وڵات لەلایەکی دیکەوە، ئەوەندەی دیکە ژیانی بە چین و توێژە کەمداهات یان بێداهاتەکان تاڵ و ئاستەم کردوە و تووشی کێشەی زیاتری مەعیشەتییان دەکا.

بۆیە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەوڕۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران ئیدی بۆ ژیانی خۆشتر و باشتر نییە، بەڵکوو بۆ لە ژیاندا مانەوە و لەبرسان نەمردنە. گرانی و هەژاریی وەها پەرەی سەندووە کە لە کۆنترۆڵی ڕیژیمی گەندەڵ و ناکارامە دەرچووە. زۆرینەی خەڵک توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی نییە.

ئیعترازات و خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئێران ڕۆژانە بەڕێوە دەچن و ئەگەرچی ڕەنگ و باری بژێوی و ئابوورییان بە زەقی پێوە دیارە، بەڵام  ئامانجەکان سیاسین:  زۆر ناخایەنێ کە دروشمی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی شێوەی دژی حکوومەتی بەخۆوە دەگرن و ڕێبەرانی ڕێژیم دەکەنە ئامانج.

ئاشکرایە کە تەنیا بە گۆڕانی بنەڕەتی و قووڵ لە حاکمییەتی سیاسیدا خەڵک لەو دۆخە ڕزگاریان دەبێ. ئێران بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناخە دژوارە دەرباز نابێ. 

لە ئاستی دەرەوەدا، کێشەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئورووپا بە چارەسەرنەکراوی ماونەوتەوە.

لە ئاکامی ئەو وەزعەدایە کە ناڕەزایەتیی خەڵک گەییوەتە ئەوپەڕی خۆی و ئیعترازاتەکان پەرەیان سەندووە و هاوکات، تەنیا وڵامی ڕێژیم بە داوا ئیعترازەکانی خەڵک گرتن و لێدان، سەرکوتی زیاتر و توندترکردنی کەشی ئەمنیەتییە.

 کۆمەڵگای ئێران بەرەو تەقینەوە و ڕاپەڕین دەڕوا و وێناچێ پێشی پێ بگیرێ. بەڵام نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو و بەهێز هەروا خاڵی لاوازی خەڵک و هێزەکانی دژبەری ڕێژیمە.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بکرێ کە دیارە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ڤییەن، حیزبی دێموکرات و گەلی کوردی لە ڕێبەرێکی ناودار و هەڵکەوتوو و کاریزماتیک بێبەش کرد، بەڵام کوردستان بەچۆک دانەهات. خەباتگێڕان و حیزب و ڕۆڵە دەروەستەکانی قاسملوو خەبات لەپێناو ئازادییان درێژە پێ دا و ڕێگەیان نەدا ئاڵای خەبات بکەوێتە عەرز و خەونی ئاڵۆزی حکوومەتی مەزهەبی-  ناسیۆنالیستیی ئێران وەدی بێ.

بەرخۆدان لە پێناو ماف و سەربەستی، ئێستاش، ٣٣ ساڵ دوای شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو، لە هەموو ڕەهەند و شێوەکانی خۆیدا درێژەی هەیە و گەلی کورد و حیزبەکانی، بە یەکگرتوویی و خەباتی هاوبەش، هەتا گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی دوکتور قاسملوو و شەهیدانی دیکەی ڕێگەی ئازادی، بەردەوام دەبن.

بەرز و بەڕێز بێت یادی ڕێبه‌ری ناودار دوکتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ                       

 بڕووخێ ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی 

شەکاوە بێ ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجه به‌رزه‌کانی قاسملووی هه‌میشە‌ زیندوودا.  

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی

١٣ی ژووییەی ٢٠٢٢ی زایینی