کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات بەشداریی لە کۆبوونەوەی گرووپی کوردیی "سۆسیالیست ئینترناسیۆنال" کرد

11:36 - 14 بانەمەڕ 2721

لە کۆبوونەوەیەکی گرووپی کوردیی سۆسیالیست ئینترناسیۆنالدا نوێنەری حیزبی دێموکرات لەسەر بارودۆخی نێوخۆی ئێران، ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە و خەبات و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات قسەی کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕ، "لوقمان ئەحمەدی" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئورووپا لە کۆبوونەوەیەکی گرووپی کوردیی سۆسیالیست ئینترناسیۆنال بەشداریی کرد و وتارێکی لەسەر بارودۆخی نێوخۆی ئێران، ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە و خەبات و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.

حەوت حیزبی کوردی لە هەر چوار بەشی کوردستان بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کرد.

ئەم حەوت حیزبە کوردییە بریتی بوون لە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتیکی گەلان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک".

ئەم کۆبوونەوە کە تاوتوێی پرسی کوردی لە هەر چوار بەشی کوردستانی کرد، بەهۆی ڤایرۆسی کورۆناوە بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو.

سەرەتا کۆبوونەوەکە لەلایەن سکرتێری سۆسیالیست ئینترناسیۆنال "لویس ئایالا" کرایەوە.

سەرەتا ئایالا باسێکی کورتی لەسەر کاریگەریی ڤایروسی کورۆنا لەسەر کار و چالاکیی سۆسیالیست ئینترناسیۆنال کرد. دوای ئەمە "ئایالا" باسی گرینگیی پرسی کوردی کرد بۆ سوسیالیست ئینترناسیۆنال و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئەم ڕێکخراوە هەردەم بایەخی تایبەتی بە پرسی کورد دەدات.

دواتر بەشداربووان وتارێکیان لەسەر بارودۆخی هەر چوار بەشی کوردستان پێشکەش کرد.

لە بڕگەی یەکەمی ئەم کۆبوونەوەدا "لوقمان ئەحمەدی" وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا بارودۆخی نێوخۆی ئێران، ڕۆڵی نەرێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و خەبات و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی تێدا باس کرابوو.

لە بڕگەی دووەمی ئەم کۆبوونەوەدا حیزبە کوردییەکان چەند پێشنیاری کۆنکرێتیان پێشکەش بە "سۆسیالیست ئینترناسیۆنال" کرد بۆ بایەخدانی زیاتر بە پرسی کورد و چالاککردنی گرووپی کوردی.