کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: تاکو رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر کار بێت، یەکسانی بۆ ژنان وەدی نایەت

16:30 - 17 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنانەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:
ژنانی کورد
لایەنگرانی یەکسانیی مرۆڤەکان
ژنانی تێکۆشەری دێموکرات


لە یادەوەریی تێکۆشانی ژنانی پێشاهەنگی خەبات لەپێناوی مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگادا، رێز لە خەبات و قوربانیدان و فیداکاری و چاونەترسی و ورەبەرزیی ئەو ژنانە و هەموو ژنانی تێکۆشەری دنیا و بەتایبەت ژنانی ماف‌ویستی ئێران و کوردستان لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا دەگرین.

رێزگرتن لە چالاکی و هەوڵی ژنانێک کە زیاتر لە سەدەیەک لە هەموو قوژبنێکی ئەم دنیایەدا هەوڵیان دا تاکوو ژیانی کۆمەڵگاکان، ژیانێکی ئینسانیتر بۆ هەموان بێ، چوونکە دابینبوونی یەکسانیی مافەکان لە نێوان ژنان و پیاواندا تەنیا لە بەرژەوەندیی ژناندا نیە، بەڵکوو کۆمەڵگای مرۆیی لە ئاستێکی دواکەوتوویەوە بەرەوە ئاستێکی بەرزتر و بەبایەختر پێش دەخا کە لەودا پیاوانیش لە کۆت و زنجیری کۆمەڵگایەکی ستەمکار دەربازیان دەبێ. ستەم لە سەر ژنان، پیاوانی ستەمکاریش تووشی ئەو زنجیرە نامرۆڤانەیە دەکا و یەکسانیی ژن و پیاو، کۆمەڵگایەکی بەختەوەر وەدی دێنێ کە ژیانی شیاوی مرۆڤایەتیی تێدا بەرێوە دەچێ.

لەو خەباتە و لە درێژایی سەدەی رابردوودا و بەتایبەت لە زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا، ئەرک و تێکۆشانی ژنانی ئێران دژوارتر و ئەستەمتر بووە، چوونکە هاوکات لەگەڵ خەباتی ژنان لەگەڵ نەریتە دواکەوتوانەکانی کۆمەڵگادا، لەگەڵ دەسەلاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامیش لە بەربەرەکانێدا بوون و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئازادیخواز لە چاڵە رەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا سووکایتەییان پێ کراوە و تووشی ئەشکەنجە و دەسدرێژی و لە ئاکامیشدا ئێعدام بوون.

بەتایبەتی ئەو ژنە شۆڕشگێر و ئازادیخوازانەی کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە ژێر ناوی فتوای دواکەوتوانەدا، سەرەتا دەستدرێژییان کرایە سەر و دواتر ئێعدام کران.

ژنانی تێکۆشەر و مافخوازی کورد

ئێوە لە نێو وڵاتی ئێراندا لەگەڵ ستەمی چەند قات بەرەوڕوو بوون و ئەستەمترین بەشی خەبات لەسەر شانی ئێوە بووە، چوونکە هەم داب‌ونەریتە دزێوەکان بەربینگی پێ گرتبوون و ئێستاش قوربانیتان لێ دەگرێ و وەکوو ژن لە ژێر تیغی ستەمی کۆماری ئیسلامیدا بوون و لە شۆڕش و خەباتی کوردستانیشدا بەشی قورس و گرانی دایکی چاوەڕوانی پێشمەرگە و ژنی مێرد بێ‌سەروشوێن و خوشکی نیگرانی برا و دەسگیرانی چاو لەدرگا و لە هەمووی گرنگتر، ژنانی لە ریزی پێشەوەی پێشمەرگایەتیتان لە ئەستۆ بووە و نموونەی هەرەبەرزی فیداکاری و گیان لەسەردەستی بوونە و بەکردەوە یەکسانیی ژن و پیاوتان سەلماندوە.

لە رۆژی جیهانیی ژناندا وێڕای مەحکوومکردنی داب‌ونەریتە کۆنەکان کە هێشتا وەکوو دێوەزمە گیانی ژنانیان کردووەتە ئامانج، پشتیوانیی چەندین بارە لە خەباتی ژنانی ئێران و کوردستان لەپێناوی گەیشتن بە مافی ئینسانی و یەکسانی دووپات دەکەینەوە. هەروەها وەبیر دێنینەوە کە هەتا رێژیمی دژە ژن و دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێ، ئاشتی بۆ ناوچە و ئازادی بۆ گەلانی ئێران و یەکسانی بۆ ژنان وەدی نایەت.

لە ٨ ی مارسدا رێز لە خەباتی هەموو ژنانی کورد دەگرین و یادی فیداکاریەکانیان دەکەینەوە و بەتایبەت سڵاو بۆ هەموو ژنانی پێشمەرگە و خەباتکاری دژی تیرۆریزم و کۆنەپەرستیی چ دەوڵەتی ئیسلامیی داعش و چ کۆماری ئیسلامیی ویلایەتی فەقیهی دەنێرین.

رۆژی جیهانیی ژن لە هەموو یەکسانیخوازان پیرۆز بێ

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٨ی مارسی ٢٠١٥