ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندیی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان حەفتاوشەشەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان
خەڵکی خۆڕاگر و خەباتکاری کوردستان
داکۆکیکارانی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد
٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ واتە ١٤٠٠ی هەتاوی حەفتاوشەشەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانە، کۆمارێک کە لە ئاکامی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی و پەرەگرتووی هەستی نەتەوایەتی کورد لە دڵ و بیری ڕۆڵەکانی کورددا، لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بەدەست پێشەوای نەمر قازی محەممەد دامەزرا و بۆ یەکەم جار کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بە خاوەنی کیانێکی مۆدێڕنی نەتەوەیی و ماف و ئازادییەکانی خۆی بەدەست هێنا.
بەم بۆنە پیرۆز و مێژووییە، پیرۆزبایی لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە گشتی و کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی دەکەین و پەیمان لەگەڵ گیانی پاکی پێشەوا و حیزبی دامەزرێنەری کۆمار، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نوێ دەکەینەوە کە لە خەبات بۆ ژیانەوەی کۆمار و وەدیهاتنەوەی دەسکەوتەکانی ئەو کۆمارە بەردەوام بین و لەو پێناوەدا لە هیچ گرفت و بەربەستێک سڵ نەکەینەوە.
ڕەوتە سیاسییەکان و هەلومەرجی سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەریان خست کە سەرهەڵدانی حکوومەتێکی دێموکراتیک لە شکڵی کۆماریدا ئەویش لە ناوچەیەکی پڕ کێشە و پڕ دیکتاتۆری و بەرژەوەندیی زلهێزاندا چەند گرینگ و خەڵک پەسند و هیوا بەخشی نەتەوە ژێردەستەکان و لە هەمانکاتدا دیکتاتۆری تۆقێن بووە، هەر بۆیەش بە ڕەزامەندیی زلهێزەکان و هێرشی نیزامیی ڕێژیمی پاشایەتی ئێران پاش ١١ مانگ درەوشانەوە بەستێنی نەمان و جوانەمەرگکردنیان بۆ ڕەخساند.
دامەزرانی کۆماری کوردستان تەنیا لە دابینبوونی مافی نەتەوایەتی کورددا کە لە جێدا زۆر گرینگ و پڕ بایەخ بوو کورت نابێتەوە، بەڵکوو تایبەتمەندییە دێموکراتیەکانیشی ڕازێنەرەوەی سیمای ئەو دەسەڵاتە مۆدێڕنە کوردییە بوون و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ دێموکراتبوونی حیزبی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆماری کوردستان واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. دێموکراتبوون لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی دیکتاتۆری لێدراودا ، کیانێکی کوردی لە شکڵی کۆماری دا لە وڵاتێکی پاشایەتی دا و لە ناوچەیەکی تەندراو بە سیستمی پاشایەتیدا پتر لەوەی دۆست و پشتیوانی بۆ دەستەبەر بکا، نەیار و دوژمنی لەدژ هان دەدا. کۆماری کوردستان لە ١١ مانگ تەمەنی خۆیدا کۆمەڵێک خزمەتی بەرچاوی بە کورد کردن و بەشێکی زۆری ماف و ئازادییەکانی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەدیهێنان کە کورد تا ئەمڕۆش شانازییان پێوە دەکا و شوێنەوارەکانی بە زیندوویی دەهێلێتەوە، نەک لە بەشێکی کوردستان بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش ئاڵای کوردستان ، سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ناوی پێشمەرگە ئێستاش وەک بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی لە هەموو کوردستان پێناسە دەکرێن. دەسکەوتەکانی دیکەی کۆماری کوردستان گەلێک زۆر و بەنرخ و بەرچاون کە هەر کامیان هەڵدەگرێ باسی زیاتر و لێکۆڵینەوەی وردتریان بۆ بکرێ.
ئەگەر کۆماری کوردستان جوانەمەرگ کرا، ئەگەر پێشەوا و هاوڕێیانی لە سێدارە دران، ئەگەر ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات زیندانی کران بەو حاڵەش دیترا کە حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان هەر لەسەر پێیە و خەباتی بۆ وەدەستهێنانەوەی دەسکەتەکانی کۆمار لە هەر بڕگەیەکی خەباتی خۆیدا بە فیداکاریی ڕۆڵەکانی درێژە دەدا و مێژووی پڕ سەروەریی ئەو خەباتەی بە خوێنی ڕێبەران و تێکۆشەرانی خۆی نووسیوەتەوە . خەباتێک کە ئەمڕۆش دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕێژیمێکی تێرۆریست، تێرۆریستپەروەر دژی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ، دەستێوەردەر لە کاروباری وڵاتانی دیکە و دراوسێ و قاتڵی ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی لە شێوەکانی ڕەوای خۆیدا درێژەی هەیە .
هاوڕێیان و هاونیشتمانانی بەڕێز
ڕێگای گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی کورد و بگرە هەموو ئازایخوازانی ئیران بە ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تێپەر دەبێ ، چوونکە دژ بە دێموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی نەتەوایەتیی نەتەوەکانی ئێرانی و گەیشتن بە عەداڵەت و یەکسانییە هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی ڕێبەرانی شەهید قازی ، قاسملوو و شەرەفکەندی لێبڕاوە لە بەرز ڕاگرتنی دروشمی ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە و خەبات بۆ ئەم مەبەستەش لە هەموو شێوەکانیدا لە شار و شاخ بەو پەڕی فیداکاری و وەفاداری بە ئامانجەکانی کۆمارەوە بەڕێوە دەبا.
نێوەڕۆکی دژی مرۆڤ، ڕەفتاری تێکدەرانە و شێواندنی ئارامی ناوچەش لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ئەو ڕێژیمەی لە بیروڕای گشتی جیهانیدا وەک ڕێژیمێکی بێزراو و ناتەبا لەگەڵ ڕووحی سەردەم دەرخستووە و ئەوەش هاودەنگی لەگەڵ ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی بەرەو ژوور بردووە و ڕەوایی خەبات دژی ئەو ڕێژیمەی بە تەواوی دەرخستووە بەو حاڵەش یەکگرتوویی و هاودەنگیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و هێزە دێموکراتییەکانی ئێرانی پێویستیترین ئامرازی سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە کە پێویستە هەوڵی جیددی بۆ بدرێ و بەرگی بە کردەوەیی واقیعی بە بەر دابکرێ کە سەرکەوتن لە یەکگرتندایە .
لە یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا وێڕای دووپاتکردنەوەی وەفاداری بە ئامانجەکانی کۆمار و درێژەدان بە خەبات.
سڵا و دەنێرین بۆ گیانی پاکی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان.
سڵاو دەنێرین بۆ زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر و جەللاد بەزێن.
سڵاو دەنێرین بۆ خەڵکی خەباتگێڕ و خۆڕاگری کوردستان.
سڵاو لە تێکۆشەرانی حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی