کوردستان میدیا: حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، داوا لە خەڵكی كوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و دڵسۆزانی گەل و نیشتمان دەكات، كە بە نیسبەت لەنێوبردنی ژینگە و لێڕەوارەکانی کورددستان بە گژ سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێراندا بچنەوه.
دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:
خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان
ژینگەپارێزانی دەروەست
هەروەك دەزانن لێڕەوار و دارستانەكان لە جیهاندا سامانێكی سروشتی و سەرچاوەی ئاوەدانی و ڕازاوەیین و بە یەكێک لە ڕەگە بناغەیییەكانی ژیان لەسەر گۆی زەوی دەژمێردرێن. زیانگەیاندن و پشتگوێخستنی زیان بە مرۆڤ و هەموو ژینگەی سروشتی و مرۆیی دەگەیەنێت.
كوردستان ئاوەدان و ڕازاوەیە بە بوونی پێكهاتەی لێڕەوار و دارستان و سەرچاوە سروشتییەكانی دیكەی و پارێزگاریكردن لەو پێكهاتەیە بە مانای پارێزگاریی لە ژیانی سروشتی كوردستانە.
ئاشكرایە كە بەشێك لە ئەركەكانی هەر حكوومەتێكی نیشتمانی پێكهێنانی ئامراز و هۆكارەكانی پارێزگاری لە سروشت و سەرچاوەكانی ژیان و ئاوەدانییە، بەڵام ئەوەی لە ئێرانی ژێردەستی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی و لە كوردستانی ئێران بەتایبەتی بەسەر ژینگەی وڵاتدا دێت، سەرەڕای دیاردە و ڕووداوە سروشتییەكان كە ڕێژیم بەبێ كیفایەتی لە ئاستیاندا داماو و بێدەسەڵاتە و هەوڵی نەداوە هیچ بەرنامە و پڕۆژەیەكی بۆ پارێزگاریی لە سامانە سروشتییەكانی وڵات هەبێت، لە سێبەری ئەم ڕێژیمەدا كاربەدەستانی دەستیان داوەتە قەڵاچۆی بێبەزەییانەی لێڕەوار و دارستانەكانی زێدەكەمان، هەروەک ڕوونە لە چل ساڵ دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە كوردستانی كردووەتە مۆڵگەیەكی گەورەی نیزامی كە سەدان هەزار پاسدار و چەكداری تێیدا مۆڵ دراوە و دەیان دامودەزگای سەركوتكەر و تاڵانكەری لێ جێگیر كراوە.
ئەم دامودەزگایانەی ڕێژیم سەرلەبەریان چاویان بڕیوەتە سەرچاوەكانی ژیانی گەلەكەمان، لێبڕاوانە دەمیان بە شادەمارەكانی ژیانی خەڵكەوە ناوە. لە كولتوور و كەلەپوورەوە بگرە هەتا ڕوخسار و سیما و هێما و بناغەكانی ژیان كەوتوونەتە بەر شاڵاوی لەنێوبردن و سڕینەوە و تاڵان و لەنێوبردن.
خەڵكی نیشتمانپەروەر و ژینگەخۆشەویستی كوردستان !
ئێوەباش دەزانن تەنیا خاوەنی ڕاستەقینە و دڵسۆزانی ئاو و خاك و سروشتی كوردستان بایەخی چاوگەكانی ژیان و ژیوارتان دەزانن و هیچ داگیركەرێك لە تاڵانی سەروماڵی گەلەكەمان سڵ ناكات، هەر بۆیە سیاسەتی ڕووتاندنەوەی كوردستان بە ئاشكرا و نهێنی لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە بەڕێوە چووە و درێژەی هەیە.
سووتاندن و قەڵتوبڕ و تاڵانی دارستان و لێڕەوارەكانی زاگرۆس دیاردەیەكی مەترسیدارە كە بەرەبەرە نیشتمانەكەمان بەرەو كارەسات و زیانی قەرەبوو نەكراوەی ژینگەیی دەبات.
ئەركی هەموو تاكێكی كوردستان، ئەركی ڕووناكبیران و ژینگەپارێز و هاووڵاتیانی خاوەن هەڵویست و نیشتمان خۆشەویستە بە هەموو توانایانەوە پێش بە تاڵان و بڕۆی ڕێژیم بگرن و ژینگەی کوردستان لە سیاسەتی دزێوی حكوومەتی كۆماری ئیسلامی بپارێزن. داوا دەكەین ئەو كەسانەی لە كوردستان نائاگایانە بە مەبەستی قازانجێكی كەمی كورتخایەن بۆ لەنێوبردنی سامانی نەتەوەیییان بوونەتە هاوكار و داردەستی دەزگا و بنكە و بونیات و مۆرەكانی دەسەڵاتی ڕێژیم، وریا بنەوە چی دیكە نەبنە ئامرازی دەسەڵاتی سەپاوی ڕێژیم بۆ سەرخستنی ئامانجە دزێوەكانیان كە لەنێوبردنی شادەمارەكانی ژینگە و ژیواری جوانی كوردستانە.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، داوا لە خەڵكی كوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و دڵسۆزانی گەل و نیشتمان دەكات، كە بە گژ ئەو سیاسەتە و بەڕێوەبەرانی ئەو كردەوە دزێوەدا بێنەوە و بەرپرسایەتییان لە هەمبەر ژینگە و ژیواری ڕۆڵەكانی ئێستایان و نەوەكانی داهاتوویان بەجێ بگەیەنن.
بە دڵنیاییەوە هەڵویست و بەرەنگاربوونەوەتان دەستە دزێوەكانی دوژمن لە بەرۆكی ژیان و ڕوخساری جوانی لێڕەوار و دارستانەكانی زاگرۆس كورت دەكاتەوە.
دەزگای ڕێكخستنی گشتی
٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی