کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: دوای ٢٩ ساڵ لە تێرۆری "میکۆنووس" دەزگای تێرۆری ڕێژیمی ئێران هەروا چالاکە

11:10 - 25 خەرمانان 2721

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ٢٩هەمین ساڵڕۆژی تێرۆری "میکۆنووس" بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر بمانهەوێ دەرسەکانی دوکتور "قاسملوو"ی نەمر لەیەک دەرسدا کورت بکەینەوە ئەم دەرسە ئەوەیە کە سەرنجی ئێمەی بۆ لای هێزی خۆمان ڕاکێشاوە و تێی گەیاندووین کە ئەگەر متمانەمان بە خۆمان بێ و پشتی یەکتر بگرین، خاوەنی وەها توانایەکی گەورەین کە قەڵای زۆرداران وەلەرزە دەخا و تووشی پەلە قاژەی مەرگیان دەکات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی  ٢٩ ساڵەی تێرۆری "میکۆنووس"

گەلانی بە شەرەفی ئێران!

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

کادر، پێشمەرگە و ئەندامە تێکۆشەرەکانی حیزبی دێموکرات!

۳۲ ساڵ لەوەپێش کاتێک تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر مێزی بەناو وتووێژ دوکتور "قاسملوو"یان تێرۆر کرد، دوکتور "سادق شەرەفکەندی" ناسراو بە دوکتور "سەعید" بە لێوەشاوەییەوە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ئەستۆ گرت و ئاڵای خەباتی لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان شەکاوە ڕاگرت.

ئەو کە لە مەکتەبی خۆڕاگریی دێموکراتدا پەروەردە ببوو ئەرکەکانی بە جۆرێک بەڕێوە برد کە بێ "قاسملوو"یی بە حیزبی دێموکراتەوە زۆر بە کەمی دیار بێ ، هەر ئەمەش وای کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێنێتە سەر ئەو باوەڕە بۆ جارێکی دیکە و بە مەبەستی لاوازکردنی حیزبەکەمان پیلانی تێرۆری دوکتور "شەرەفکەندی" دابڕێژێ.

 لە سێپتامبری ساڵی ١٩٩٢ی زایینی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" بە سەرپەرەستیی وەڤدێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە نۆزدەهەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیست چوو بووە ئاڵمان. پاش کۆتایی کاری کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ، بە مەبەستی بیر و ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ چەند کەسایەتی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئاڵمان لەسەر چۆنییەتی ڕووبەرووبونەوە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆبوونەوەیەکی لە ڕێستۆرانی "میکۆنووس" لە "بێرلین" ڕێک خستبوو.

لە ۲٦ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی بەرامبەر بە ۱۷ی سێپتامبری ساڵی ۱۹۹۲ی زایینی لە کاتی وتووێژدا، دوکتور "سادق شەرەفکەندی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ "فەتاح عەبدولی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات؛ "هومایون ئەردەڵان" نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان، "نووری دێهکوردی" دۆستی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕێستۆرانەدا کەوتنە بەر دەستڕێژی گولـلەی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەهید کران.

ئەم تێرۆرە لەلایەن کۆمیتەیەکی باڵای ڕیژیم بە ناوی "کمیتە عملیات ویژە" کە لە گەورە بەرپرسانی ڕێژیم پێک هاتبوو، بەرنامەڕێژی و بڕیاری لەسەر درابوو. 

ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە بریتی بوون لە:

۱ـ عەلی خامنەیی ڕێبەری نیزام ۲- هاشمیی ڕەفسەنجانی سەرکۆمار۳- عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری دەرەوە ٤ـ عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعات و فەرماندەری سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

دادگای "میکۆنووس" لە ٢٨ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٩٣ زایینی کرایەوە و لە ڕێكه‌وتی‌ ١٠ی ئاپریلی ١٩٩٧ی‌ زایینیدا حوکمی خۆی سەبارەت بەو تێرۆرە ڕاگەیاند. لە حوکمی دادگادا ئاماژە بە ئامرانی ئەو تێرۆرە درابوو کە هەمان ئەندامانی" کمیتە عملیات ویژە" بوون. پاش دەرچوونی ئەم حوکمە ئورووپاییەکان باڵوێزەکانی خۆیان لە ئێران بانگ کردەوە و ئەم کردەوە تێرۆریستییەیان مەحکووم و ڕیسوا کرد.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە تێرۆری "ڤییەنـ"ـدا توانیبووی بە هەڕەشە و سات و سەودای بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتی "ئۆتریش" پیش بە ڕەوتی دادگاییکردنی دیپڵومات تێرۆریستەکانی بگرێ، دیهەویست بە هەمان تاکتیک پێش بە ڕەوتی دادگای "میکۆنووس" بگرێت و خۆی و تێرۆریستەکانی لێ دەرباز بکات، کە بە خۆشییەوە ویست و ئیرادەی دەزگای دادوەریی ئاڵمان و بە تایبەت ئیرادەی قازییە "ئاڵمانـ"ـییەکان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دەزگای قەزایی وڵاتەکەیان، بە سەر فشار و هەڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەر کەوت و دادگا ئەرکی یاسایی خۆی بەجێ گەیاند.

ئێستا کە یادی ۲۹هەمین ساڵڕۆژی تێرۆری "میکۆنوس" دەکەینەوە، دەبینین دەزگای تێرۆر و سەرکوتی ڕێژیم هەروا چالاکە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەند هەوڵێکی تێرۆریستی لە دژی خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی لە باشووری کوردستان بەڕێوە بردووە کە تازەترینیان تێرۆری کاک "مووسا باباخانی" تێکۆشەری دێموکرات بوو.

 لە جەرگەی ئورووپاشدا چەندین پیلانی تێرۆریستیی ڕێژیم پووچەڵ کراونەتەوە و لە چەند وڵاتێکیش بۆ وێنە، لە "بلژیک و سوئید" تێرۆیستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

فەرماندەی هێزی وشکانیی سپای پاسداران "محەممەد پاکپوور" و باقی مۆرەکانی ڕێژیم بە بێ ئەوەی گوێ بدەنە هیچ ڕێوشوێنێکی نێۆنەتەوەیی، ملهۆڕانە هەڕەشەی درێژەدان بە تۆپباڕان و بۆمباران دەکەن. جیهانی بەرژەوەندیخوازیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، لە ئاست ئەم هەڕەشە و یاساشکێنیانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەروا چاولێکەر و بێدەنگە.

لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا، ڕێژیم لە ڕۆژی ۱۸ی خەرمانان بەهۆی فڕۆکە و تۆپخانەوە هێرشی کردە سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگە لە شاخ کە بە خۆشییەوە بەهۆی وریایی پێشمەرگەکان زیانی گیانیان بەر نەکەوت .

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

لە ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا، "ئیبراهیم ڕەیسی" سەرکۆماری دیاریکراوی ڕێژیم کە دەبوو دەستنیشانی ئەو کەم و کوڕی و قەیرانانە کە بەرۆکی وڵاتیان گرتووە، بکات و ڕێگاچارەی دەربازبوون لێیانی پێشکەش کردبایە، هیچ ئاماژەیەکی پێنەدان و ڕێکارێکی ڕوونی بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانانە کە بەرهەمی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمن و ئێران بەرەو کارەسات دەبن، نەخستە ڕوو.

لە جێگای ئەوە، "ڕەیسی" ڕاست هاتە سەر کاکڵی ئەو مەبەستە کە ئەویان بۆ دەست نیشان کردووە و ڕایگەیاند کە: ئەو "پارێزگاری لە میراتی شۆڕەش دەکات و بەرنامەکانی لەگەڵ ئەو چوارچێوەیە یەکانگیردەکات کە ڕێبەری نیزام مەبەستیەتی"، ئەمەش بە مانای بەرخورد بە هەر دەنگێکی ناڕازی و درێژەدان بە سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگ و چالاکترکردنی گرووپە تێرۆریستییەکان و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا دێت.

هاووڵاتییانی بەڕێز!

ڕێژیم لە هاتنە سەرکارییەوە بە مەبەستی هەناردەکردنی "شۆڕش" بۆ دەرەوە دەستی دایە دروستکردنی گرووپگەلی تێرۆریستی لە ناوچە و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی.

ئەم سیاسەتەی ڕێژیم بە هەڕەشەی ئاشکرا لە دژی وڵاتانی ناوچە دەستی پێکرد، هەر بۆیە جیهانی ئازاد دژی ئەم سیاسەتانە وەستایەوە و چەند ساڵێکە گەمارۆیەکی ئابووریی نێونەتەوەیی تاقەت پڕۆکێنیان خستووەتە سەر ئێران کە تێچووی ئەم سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەیە، زیاتر لەوەی لەسەر ڕێژیم بکەوێ بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووتەوە.

شوێندانەریی ئەو گەمارۆیانە لە "ئێرانـ"ـدا، بێکاری و هەژارییەکی لەڕادەبەدەری بۆ خەڵک لێ کەوتووەتەوە کە ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر خەڵک بەرەو هەژارتر بوون دەبات. ئەم بێکاری و هەژارییە دەیان دیاردەی ماڵوێرانکەری کۆمەڵایەتی لێ کەوتووەتەوە و لە ئاکامی ئەو وەزعە نالەبارەدا ناڕەزاییەتی خەڵکی بەدواداهاتووە و چاوەڕوانیی پەرسەندنی دەکرێ.

ڕێژیم کە توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ئەو هەلومەرجە نالەبارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی نییە، وەک هەمیشە پەنا دەباتە بەر سەرکوت و زەبروزەنگ و دیهەوێ بە ترساندنی خەڵک چەند ماوەییەکی دیکەش درێژە بە دەسەڵاتە سەرەڕۆیانە و داپڵۆسێنەرەکەی بدات، بەڵام وەک دوکتور "شەرەفکەندی" لە پەیامی پەیمان نوێکردنەوە دوای شەهیدبوونی دوکتور "قاسملوو"دا دەڵێ :"لەمێژە گووتوویانە کە قەبووڵی زوڵم لە خودی زوڵم خراپترە، ئەگەر بمانهەوێ دەرسەکانی دوکتور قاسملووی نەمر لەیەک دەرسدا کورت بکەینەوە ئەم دەرسە ئەوەیە کە سەرنجی ئێمەی بۆ لای هێزی خۆمان ڕاکێشاوە و تێی گەیاندووین کە ئەگەر متمانەمان بەخۆمان بێ و پشتی یەکتر بگرین، خاوەنی وەها توانایەکی گەورەین کە قەڵای زۆرداران وەلەرزە دەخا و تووشی پەلە قاژەی مەرگیان دەکات".

لە چوارچێوەی خستنەسەریەکی ئەو وزە و توانایانەدا کە ڕێبەرانی شەهیدمان ئاماژەیان پێ داوە، پێداویستیی پێکهێنانی بەرە یا هاوبەندییەکی سیاسی لە هەموو کاتێک زیاتر هەست پێ دەکرێ.

حیزبی ئێمە ئامادەیە و تێکۆشاوە لەگەڵ هەموو ئەو هێز و ڕێکخراوە "ئێرانـ"ـییانە کە ئامانجیان ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و هێنانە سەرکاری ڕێژیمێکی دێموکراتیکە کە لەودا مافی نەتەوەکانی ئێران لەبەرچاو گیرابێ، دیالۆگ بکا و هاوپەیمانی پێک بێنێ.

ڕوونە یەکگرتوویی حیزبە خەباتگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پێشەوەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانە دایە، لەبەر ئەوەی یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات مافەکانمان لەبەرامبەر هەر ئەگەرێک لە داهاتوودا دەستەبەر دەکات.

سڵاو لە شەهیدانی "میکۆنووس"

سەرشۆڕی و نەمان بۆ ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٦ی سپتامبری ٢٠٢١