کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار" کرد

16:38 - 27 خەزەڵوەر 2720

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار" پەیامێکی هاوخەمیی بڵاوی کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:​

پەیامی هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیی ناسراوی کورد سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار"

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە کەسایەتیی ناسراوی نەتەوەکەمان سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار" ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوئید کۆچی دوایی کرد و دۆستان و نزیکان و خزمانی لەگەڵ خەمێکی نوێ بەرەوڕوو کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا وێڕای بەداخبوون بۆ کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە ناسراوە و خۆشەویستە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی گەورەی "عەلیار" دەکات و بە چاوی ڕێز و ئەمەگناسییەوە سەیری ژیان و تێکۆشان و ڕابردووی کاک "سمکۆ" دەکات. بەتایبەت کە ئەو کەسایەتییە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو پلە و پایەبەرزەی کە لە ئەرتشی ئێراندا بە لێهاتوویی و لێوەشاوەیی خۆی پێی گەیشتبوو وەلانا و بە ئۆگری و هەستی نیشتمانپەروەرییەکی تەواوە ڕیزی پێشمەرگایەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداری لە بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەڵبژارد و و وێڕای کاک سەرگورد "کەریم عەلیار"، برای شەهیدی کاک "سمکۆ" لەسەر داوای ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوو لە فەرماندەیی و سازماندانی هێزی پێشمەرگەدا دەوری بەرچاویان گێڕا.

سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار" بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی بنەماڵەیی لە ساڵانی پێشوودا لە وڵاتی سوئید نێشتەجێ بوو، لەو حاڵەشدا هەروا جێگای ڕاوێژی حیزب لە بوارە جوراجۆرەکانی کاروباری پێشمەرگە بوو و نەمانی بە خەسارێکی بەرچاو دەزانین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی دووبارەی داخ و کەسەری خۆی بۆ لەدەستدانی کاک سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار" هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و دۆستان و خزمانی ڕادەگەیەنێت و خۆی به بەشداری ئەم خەمەیان دەزانێت.

ڕۆحی شاد و هیوای سەبووری بۆ بنەماڵەی بەڕێزیان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی کارگێڕی

٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی