کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: قوتابییەکانی قاسملوو وانەبێژی باوەڕەکان و بیری دوکتور قاسملوون

12:53 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەبۆنەی سی ساڵەی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو

هاونیشتمانیانی بەڕێز

هۆگرانی دێموکراسی و دادپەروەری

ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد

ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملووی نەمر

 ١٣ی ژوئیەی ئەمساڵ ٢٠١٩ی زایینی بەرانبەر بە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی سی ساڵ بەسەر ئەو زامە تێپەڕ دەبێ کە بەهۆی تیرۆری دوکتور قاسملوو بەدەست ڕێژیمی تیرۆریست و تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتە سەر جەستەی کورد و بزووتنەوەکەی؛ زامێک کە لەپاش سی ساڵ هەروا بەژان و بەسۆیە.

 دوکتور قاسملوو ڕۆڵەیەکی کورد و ڕێبەرێکی لێهاتووی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو. لایەنگر و ئۆگرێکی ناسراو و بەناوبانگی دێموکراسی بوو. بڕوامەند بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و ئارامی و بەیەکەوە ژیان بوو. خاوەنی پلەی بەرزی زانستی و شارەزای چەند زمانی گرینگی سەردەم بوو، ئەو دژی داگیرکاری و خۆسەپاندنی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەکانی دیکە لە هەر وڵاتێکدا بوو و لەپێناو ئەو باوەڕەشیدا لە چەند وڵات بەر بە مانەوەی گیرا. هەموو ئەو تایبەتمەندییانە و قاڵبوونی لە کورانی سیاسی و بیرمەندیدا وەک کەسایەتییەکی نێونەتەوەیی، ئازادیخواز و یەکسانیخوازێکی بەناوبانگ، سیمایەکی ڕازاوە بە چەمکە مرۆڤییەکانی پێ بەخشیبوو.

 قاسملوو بەو سیما مرۆڤدۆستانە و مرۆڤپەسندانەیەوە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەیەکی بەرحەق و ڕەوای نەتەوەیەکی مافپێشێلکراوی وەک نەتەوەی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکرد. حیزبەکەی، حیزبی دێموکرات و خۆی لەسەرووی حیزبەکەیەوە دژ بە دیکتاتۆری، چەوساندنەوە و مافپێشێلکاری خەباتی دەکرد و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات حیزبەکەی بە ئاقارێکی سەردەمیانەدا ڕێنوێنی کرد. ڕێبازی و بەرنامەی سیاسی پێشکەوتووانەی بۆ دیاری کرد و سەربەخۆیی سیاسی بۆ دەستەبەر کرد و کردی بە حیزبێک کە بە چەمکەکانی مرۆڤتەوەرانە، دێمۆکراسی و ئازادیخوازانە ڕازابێتەوە و نوێنگەی ویست و داخوازییە ئینسانی، سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بێ.

 قاسملوو و حیزبەکەی بەو سیما و ئامانجانەوە لەسەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا زۆر چالاکانە و شوێندانەرانە بەشدار بووە، بەو هیوایە کە بەنەمانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران نیزامێکی دێموکراتیک دەستەبەر بێ، دێموکراسی بۆ ئێران دابین بکا، لەجیاوازیدانان و هەڵاواردن بە دوور بێ و نەتەوەکان بە مافی نەتەوایەتی خۆیان بگەن و ئێران هی هەموو ئێرانییەکان بێ، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت کە ژمارەیەک ئاخوندی بیرتەسک و دواکەوتوو بە کەڵکی خەراپ وەرگرتن لە هەستی ئایینزایی خەڵک دەیانەوێ ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیک ئەویش لەجۆری دواکەوتووانەی لە ئێراندا بێننەسەر کار و دیکتاتۆرێکی ڕەشتر، جێگای دیکتاتۆری پێشوو بگرێتەوە، لەبەرانبەریدا ڕاوەستان و لە ڕیفڕاندۆمێکدا کە ڕێگای بۆ هاتنە سەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خۆش دەکرد بەشدارییان نەکرد. لە بانگەوازێکدا بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بەشداری لەو ڕیفڕاندۆمەیان تەحریم کرد چوونکە باش لەوە ئاگادار بوون کە ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیکی ئایینی و ئایینزایی نەک ناتوانێ دابینکەری دێموکراسی، عەداڵەت و دادپەروەری بێ، بەڵکوو دەبێتە سەرچاوەی جیاوازیدانان و هەڵاواردن و ماکەی دژ بە دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی نەتەوەکانی ژێرستەمی ئێران. وەک ئەوەیکە ئێستا بەکردەوە لەگۆڕێدایە و هەموولایەک هەستی پێدەکەن. لەحاڵێکدا ئەوکات بەدەگمەن هەستیان بەو ڕاستییە دەکرد و لێکدانەوەیەکی واقیعبینانەیان بۆ دەکرد.

 لەبەریەکدانانی باوەڕەکانی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەک و باوەڕە دواکەوتوو و دژبە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی دیکەوە زۆر زوو دەریخست کە لە بیری تەسکی ئاخوندی، جیا لە بۆچوونەکانی خۆی چەمکە مرۆڤتەوەر و یەکسانی و دێمۆکراسیخوازی لە ئێراندا ڕێگای پێنادرێ.

 بۆیە هەر لە سەرەتاوە دژایەتی خۆیان لەگەڵ بیری قاسملوو و حیزبی دێموکرات ئاشکرا کرد و بەکردەوە کوردستان گەمارۆی ئابووری درا، هێرشی نیزامی لە هەوا و لە زەوی بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد و کوشتاری کەموێنە لە ڕۆڵەکانی نەتەوە کورد کرا، بە هیوای ئەوەیکە سەر بە کورد دانەوێنن و ڕێگا بە پەرەگرتنی بیری قاسملوو و خەباتی حیزبەکەی بگرن. کاتێک دیتیان لەهیچ بوارێکدا بەئامانج نەگەیشتن بۆ لەنێوبردنی حیزبی دێموکرات کەوتنە پیلانی لێدان لە سەری ئەو حیزبە یانی دوکتور قاسملوو.

 پیلانی ڕێژیم لەسەر بنەمای باوەڕمەندی دوکتور قاسملوو بە چارەسەری ئاشتیخوازانەی مەسەلەی کوردستان داڕێژرا و بە کەڵکی خراپ وەرگرتن لەو باوەڕە و بەڕواڵەت بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد لەڕێگای دیالۆگەوە ڕۆژی ١٣ی ژوئییەی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی بەرانبەر بە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی دوکتور قاسملوو لە ویەن و لەسەر مێزی بەڕواڵەت وتووێژ وێڕای کاک عەبدووڵای قادری‌ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ برای کوردی باشوور، تیرۆر و شەهید کرا.

 شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو سەرەڕای خەسارێکی گەورە و قەرەبوونەبۆوە کە وە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوت هەرگیز مەبەستی ڕێژیمی لەو پیلانە و لەو کردەوە تیرۆریستییە کە لەنێوبردنی حیزبی دێموکرات بوو نەپێکا. چوونکە دوکتور قاسملوو حیزبێکی ڕێکخستبوو کە تەنانەت بە لەدەستدانی ڕێبەرێک و چەند کەسایەتی دیکەش بتوانێ لەسەرپێ بمێنێتەوە و درێژە بەخەبات بدا. هەروەها ئەم کردەوە تیرۆریستییە هەرگیز ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ماف و ئازادییەکانی خۆیان پاشگەز نەکردەوە. سیاسەتی دروستی حیزب و فیداکاری کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و پشتیوانی هەمەلایەنەی خەڵکی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەهەمان قامەت و هەیبەت و ئیرادەوە لەسەر ڕێبازی قاسملوو لە گۆڕەپانی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کورد پێداگر و  بەردەوام هێشتەوە.

 ئەوەی لەو نێوەدا ڕیسوایی و شەرمەزاری بۆ مایەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەک و حکومەتی ئەوکاتی ئۆتریش لەلایەکی دیکەوە بوو. چوونکە پۆلیس و دەزگای قەزایی ئۆتریش زۆر بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایان لەبەر دەستدا بوو کە دەیتوانی دەستوردەران و ئەنجامدەرەکانی ئەو تیرۆرە هەروەک چۆن بۆ کورد ئاشکرا بوو، ئاشکرا بکەن و بە بیروڕای گشتی بناسێنن؛ بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش تیرۆریستەکانی ڕەوانەی تاران کردنەوە بۆ ئەوەی پاداشتی کردەوە تیرۆریستییەکەی خۆیان وەربگرن، لەوەش زیاتر حکومەتی ئۆتریش لەپێناو هێندێ بەرژەوەندی کاتی و ڕەچاوکردنی باری بازەرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پێشی بە ڕەوتی بەرەوپێشچوون و بەئاکام گەیشتنی لێکۆڵینەوەکە گرت و هەموو هەوڵێک بۆ وەگەرخستنەوەی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکە تا ئێستا بێوەڵام ماوەتەوە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەگەر دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش و دەزگا قەزاییەکەی بەئەرکی خۆیان هەستابان و بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرەیان لەقاو دابا ڕەنگە بینەری تیرۆرەکانی دوای ئەو تیرۆرە نەباین. کارێک کە دەزگای قەزایی ئاڵمان لەپێوەندی لەگەڵ تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی ئەنجامی دا.

 ئێستا کە سی ساڵ لە تیرۆر و شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو تێپەڕ دەبێ، بۆ هەمووان ڕوون بۆتەوە کە قاسملوو ئەگەر بەجەستە لە باوەشی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات دەرهێندراوە، بە هزر و بیر و هەموو تایبەتمەندییە بەرزەکانییەوە زیندوو ماوەتەوە و ڕێبازەکەی هەروا پڕڕێبوار و قوتابییەکانی وانەبێژی باوەڕەکان و بیری دوکتور قاسملوون و ئاڵای بیرو باوەڕەکەیان شەکاوە ڕاگرتووە. بەتایبەت کە لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا بەڕاگەیاندنی ڕاسان بەمەبەستی بەرینتر و فرەڕەهەندتر و شوێندانەرترکردنی خەبات و گرێدانی خەباتی شار و شاخ لە کوردستانی ئێراندا ئەم ئاڵایە بەرزتر دەشەکێتەوە.

 لە سی ساڵەی تیرۆر و شەهیدکردنی دوکتور قاسملوودا یادی بەخێر دەکەینەوە و لە بەرانبەر شوێندانەرییە بەرچاوەکانی لە بزووتنەوەی کورد و خزمەتەکانی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سەری ڕێزو نەوازش دادەنەوێنین.

 وەک قوتابیانی بەئەمەگی ئەم ڕێبەرە زانا و هەڵکەوتووە، بەڵێنی دەدەین کە وەفادار بە ڕێبازەکەی بمێنینەوە و وانەکان و بیرو هزرە پێشکەوتووەکانی وەک هەمیشە چرای ڕوونکەرەوەی ڕێگای خەباتمان بێ.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهید دوکتور قاسملوو، کاک عەبدووڵای قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ و هەموو شەهیدانی کوردستان لەسەروویانەوە پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی.​

 بەردەوام و شوێندانەرتر بێ خەباتی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ئێران لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی کورد.

سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبی پێشەوا قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی

٨ی ژوئیەی ٢٠١٩ی زایینی