کوردستان میدیا: شاندی پەیوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران، لە شاری "ئامەد"ی باكووری كوردستان، كۆمەلێك دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکان و حیزبەکانی باکووری کوردستان پێک هێنا.
ڕۆژانی هەینی و شەممە، ڕێکەوتی ٧و ٨ی جۆزەردان، لەسەر ڕاسپاردەی دەزگای پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، شاندێكی پەیوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموکرات، پێكهاتوو لە ''محەممەدساڵح قادری''، بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكان و ''فەرهاد میرۆزادە''، كادری دێرینی حیزبی دێموکرات، لە زنجیرە دیدارێكی دۆستانەدا كە دوو ڕۆژی خایاند، سەردانی هەركام لە ڕێکخراو و حیزبەكانی باكووری كوردستان و توركیە بە ناوەكانی : ''وەقفی ئیسمائیل بێشكچی هەدەپە''، ''پارتی سۆسیالیستی كوردستان''، ''پارتی ئازادی كوردستان''، ''هاكپار''، ''پلاتفۆرمی نەتەوەپەروەرانی كوردستان''، ''پارتی دێموكراتی كوردستان - توركیە''یان كرد و لە لایەن كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی، ڕووناكبیر و پارلەمانتاری هەدەپە و سەرۆك و سەركردایەتی ئەو حیزبانەوە بەگەرمی پێشوازییان لێ کرا.
شاندی حیزبی دێموکرات لە كۆی ئەو چاوپێكەوتنانەدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی ئێستای جووڵانەوەی نەتەوەییی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و پێویستیی پشتیوانی حیزب و لایەنە خەباتكارەكانی باكوور و بەشەكانی دیكەی كوردستان لە خەباتی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دژ بە رێژیمی تێرۆریستی كۆماری ئیسلامی و هەروەها پتەوكردنی یەكڕیزی و هاوكاریی نێوان هێز و لایەنە كوردستانییەكان لەم قۆناغە هەستیارەی كە كوردستان لە نێوان هاوكێشە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییەکاندا تێپەڕی دەكات
تێكڕای حیزب و لایەنە ناوبراوەکان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان لەو بەسەركردنەوەی شاندی حیزبی دێموکرات، هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی حیزبی دێموكرات و گەلی كورد لە ڕۆژهەلاتی كوردستان دەربڕی و بەوپەڕی ڕێزەوە هیواخواز بوون، كە ئەو پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و زانیارییانە لە نێوانیاندا گەرمتر و بەردەوامتر بێت.