کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: مێژووی مرۆڤایەتی ژیانی ڕەفسەنجانی بە پەڵەیەکی ڕەش تۆمار دەکا

15:40 - 21 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مەرگی ڕەفسەنجانی یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە:

مردنی هاشمیی ڕەفسەنجانی

ڕووخانی یەکێک لە کۆڵەکە گرینگەکانی کۆماری ئیسلامی


هەواڵی مردنی لەناکاوی ڕەفسەنجانی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە جێگای دڵخۆشی بۆ هەموو ئازادیخوازانی ڕاستەقینە لە ئێران و هەموو خەڵکی ستەم لێکراوە و لە لایەکی دیکەوە جێگای داخە کە ئەو هۆکارانەی داپڵۆسین و ئەشکەنجە، لە سێدارەدانی خەڵک و تاوان دژی مرۆڤایەتیانە، ناکەونە بەردەم دادگایەکی خەڵکی و هەموو کون و قوژبنەکانی تاریکی و دژەمرۆیی ئەم ڕێژیمە ئیفشا بکرێ و تاوانباران بە سزای ڕاستەقینەی تاوانەکانیان بگەن.

ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار، لە نەخۆشخانەیەک لە تاران دوکتورکان نەیانتوانی فریای عەلی ئەکبەری ڕەفسەنجانی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی ڕێژیم و سەرۆکی پێشووی مەجلیسی خیبرەگان و سەرۆک کۆماری پێشووتر و سەرۆکی پێشووتری مەجلیس و خاوەنی دەیان بەرپرسایەتیی دیکە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بکەون و بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە، لە دەستی دادگای دادپەروەرانەی خەڵک هەڵهات، بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی بە پەڵەیەکی ڕەشی تۆمار دەکا.

عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی کە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو، لە سەردەمی فریوکاریەکانی خومەینی و شاردنەوەی دیوی ڕاستەقینەی ئەو سەرچاوەی ستەمکاری و سەرەڕۆیی و پاوانخوازیەدا دەستی ڕاستی خومەینی و لە کەسە هەرە نزیکەکانی بوو، لە بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵی ژمارە ٢ی هەبوو و ئەندامی شووڕای بەناو ئینقلاب بوو کە خومەینی بۆ بەلاڕیدابردنی شۆڕشی گەلان دیاریی کردبوو و دوای کوژرانی باهونەر و بێهێشتی، لە ڕاستیدا یەکەم بڕیاردەری ئەو شووڕایە بوو. هەروەها دارێژەری سڕینەوە و لەنێوبردنی هەموو گرووپەکانی بەشدار لە شۆڕشدا بوو کە بەداخەوە هەندێک لەو گرووپانەش یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی بۆ سڕینەوە و لەنێوبردنی ئەوانیتر بوون، هەتاکوو دوایی نۆرەی خۆشیان گەیشت!

ڕەفسەنجانی ، لە کاتی داڕشتنی یاسای بنەڕەتیدا ڕۆڵی سەرەکیی لە چەواشەکاری لەو یاسایەدا گێڕا و بە دزینی دەسکەوتەکانی شۆڕش بەرگی یاسایی دواکەوتووانە و سەرەڕۆیانەی بە بەردا کرد.

لە کاتی دامەزراندن و پێکهێنانی مەجلیسێکی لە نێوەڕۆک بەتاڵکراودا، بە ناوی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی، سەرۆکی دەورەکانی یەکەم و دووهەمی بوو.

ڕەفسەنجانی دارێژەری بەرنامەی جێگرەوەی خومەینی بوو و خامنەیی تاوانباری کرد بە ڕێبەری ڕێژیم. هاوکات خۆشی بوو بە سەرۆک کۆماری ڕێژیم و پێکەوە وڵاتی ئێران و گەلانی نێو ئەم وڵاتەیان بە چارەنووسی ڕەشی کوشتار و ماڵوێرانی و سەرکوت و زیندانیکردن و ئێعدام و ئاوارەیی و ... گەیاند.

ڕەفسەنجانی لە بەرپرسایەتیەکانی دیکەی لە کاتی خومەینیدا، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو کە بە واتایەکی دیکە خومەینی هەموو دەسەڵاتی نیزامیی بەو دابوو تاکوو شەڕ لەگەڵ عێراق ئیدارە بکا؛ شەڕێک کە بەدەیان هەزار کوژراو و بریندار و بێسەروشوێن و دیل و کەمئەندامی بە دیاری بۆ گەلانی ئێران هێنا. هەر لەو کاتەدا بە هێزەکانی سپا و بەسیج و ئەرتەش و کۆمیتەکانی بەناو ئیقلاب و ئیتلاعات و ئۆرگانە نیزامی و شبه نیزامیەکانی دیکەی ڕێژیمەوە کە خومەینی هەموو پێ ئەسپاردبوو، هەرچی ڕۆڵەی ئازا و ئازادیخوازی نەتەوەکانی ئێران بوون وەدوایان دەکەوت و کارنامەیەکی پڕ لە تاوان و دڕندەیی لەو بوارەشدا هەیە. ناوی ڕەفسەنجانی لە لای زۆرێک لە خەڵکی ئازادایخواز و خەڵکی ئاساییش واتای بێروحمی و کوشتار و بێباوککردنی منداڵ و بێوەژن کردنی ژنان و جەرگسووتانی دایکان دەدا.

ڕەفسەنجانی کە دوای شەڕ و دوای مردنی خومەینی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماری ڕێژیم بوو، وێڕای کوشتار و ئێعدام و بێسەروشوێنکردنی خەڵکی ئازادیخواز و مافویست لە نێوخۆ، کارنامەیەکی ڕەش و ئەستووری لە بواری تێرۆر لە دەرەوەی وڵاتیش هەیە کە لە سەردەمی ئەودا یەکەکانی تایبەت بە تێرۆر لە نێو سپای پاسداران و سوپای قودس دروست کران و لە تێرۆرە هەرە بەناوبانگەکان، تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ئۆتریش لە سەر مێزی بەناو وتووێژ بوو کە ڕەفسەنجانی بۆخۆی بەرپرسی پیلانەکە بوو. هەروەها تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلینی ئاڵمان کە دوایە دادگای ئاڵمانیش ڕەفسەنجانیی بە یەکێک لە بڕیاردەرانیی تێرۆرەکە ناساند. تێرۆری ناوەندی یەهوودیەکان لە ئارژانتین، پەروەندەیەکی دیکەی ڕەفسەنجانیە کە هێشتاش بە ئاکام نەگەیشتوە و فەرمانی دەسگیرکردنی لەوبارەشەوە بۆ دەرچوو.

لاپەرەیەکی دیکەی کارنامەی ڕەشی ڕەفسەنجانی بریتیە لە بەتاڵانبردنی سامانی وڵات لەژێر ناوی ئاوەدانکردنەوە لە دوای شەڕی ئێران و عێراقدا کە باندێکی مافیایی مەترسیداری دامەزراند و هەرچی سامانی وڵات بوو چ ئەوکات و چ ئێستاش هەڵی دەلووشن و ڕەنج و ماڵوێرانیی خەڵک ئاکامی ئەو بەتاڵان بردنانەیە کە ڕەفسەنجانی و خامنەیی و کەسانی دیکەی سەرانی ڕێژیم بەڕێوەی دەبەن. ڕۆڵی ڕەفسەنجانی ڕۆڵی ڕێپێشاندەربوو کە فێری تاڵانی کردن. هەر لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەودا بوو کە سپای پاسداران و ئیتلاعات بەناو کاری ئابووری و لەو ڕێگەوە هەم سامانی وڵات بەتاڵان ببەن و هەم لەژێر ناوی کۆمپانیاکانی ئابووریدا کاری تێرۆریستی بکەن.

ڕەفسەنجانی کۆڵەکەیەکی گرینگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە بڕگە هەستیارەکانی وەکوو دوای بڕیاری دادگای میکۆنووسدا و یان لە دوای گەمارۆی توندی جییهانی بە دژی ڕێژیم سەبارەت بە پەروەندە ناوکیەکەی، ڕێگای چەواشەکاریی پێشانی سەرانی ڕێژیم دەدا تاکوو بە ناوو دەمامکی دیالۆگی شارستانیەتەکان و یان دەوڵەتی تەدبیر، بە جیهان بڵێ کە ئەوە خەتی پراگماتیکیی و میانەڕەو لە ڕێژیمدا هەیە و بەم شێوەیە دەلاقەیەک بۆ دەربازبوونی ڕێژیم لە تەنگانە بدۆزێتەوە و لە ڕاستیدا سوکانداری دەربازکردنی ڕێژیم لە تەنگاکان بووە کە تەمەنی ڕێژیمی تاوانباری ئیسلامی درێژتر بکاتەوە.

بێگومان لەم ڕاگەیەندراوەدا ناکرێ هەموو کارنامەی تاوان و ڕیاکاری وفریوکاری و دژە مرۆیی ڕەفسەنجانی باس بکەین، بەڵام ئاماژەیەکی خێرا بە ڕۆڵی ڕەفسەنجانی لە دروستکردنی دادگاکانی بەناو شۆڕشدا کە بە دەیان هەزار کەسیان ئێعدام کرد، ڕۆڵی ڕەفسەنجانی لە شووڕای پێنج کەسی کە دوای شەڕی ئێران وعێراق وڵاتیان بەناو بەڕێوە برد، بەڵام یەکەم کاریان کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ٦٧ بوو، ڕۆڵی ڕەفسەنجانی لە پەرەدان بە مادە سڕکەرەکان لە نێو نەتەوە ستەملێکراوەکان و بەتایبەت کوردستان، لە بەتاڵانبردنی هەموو ئاسەوارە مێژوویی و ژێرخاکیەکان، لە دروستکردنی ئۆرگانە نیزامی و ئیتلاعاتییە موازییەکان کە سەرەڕۆیانە خەڵکیان دەگرت و لە نیویان دەبردن، لە قەتڵە زنجیرەییەکان و دەیان ڕۆڵی دیکەی ڕەفسەنجانی بکەین کە لە هەموویاندا مێشکی ژەنگاویی دارشتنی تاوان بووە.

ئەوەی کە لە کۆتاییدا جێگای ئاماژەیە، ئەو ڕۆڵەیە کە ڕەفسەنجانی لە پاراستنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەیبووە؛ هەرچەند دژایەتیی قووڵ و لە سەر ئەساسی بەتاڵانبردنی سامانی وڵات و دەست بەسەر سەرچاوەکانی هێزداگرتن لە نێوان ڕەفسنەجانی و خامنەییدا پەیدا بوو و لە ئۆرگانە جۆربە جۆرەکاندا ڕەنگی دەدایەوە، بەڵام هەموو کات مانەوەی ڕێژیم بۆ ئەوان خاڵی یەکلاکەرەوە بووە و هەر ئەوەش بوو کە ڕەفسەنجانیی وا لێ دەکرد کە هەرچەند هێشتا دەسەڵاتی ئابووری و ئیتلاعاتیی زۆری مابوو و هێزی شبە نیزامیی تایبەتی خۆیی هەر هەبوو، بەڵام خامنەیی زۆر دەسەڵاتی لێ ئەستاندبوو و تەنانەت کوڕ و کچەکەشی کە هاودەستی باوکیان بۆ تاڵانکردنی سەرمایەی وڵات بوون، لە زیندان خستبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوانە، ڕەفسەنجانی لەپێناوی مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دووبارە هەروەک خامنەیی لە پەیامەکەیدا بۆ مردنی ڕەفسەنجانی باسی کرد، ئۆگریەکی تایبەتی بەو هەبووە. لە ڕاستیدا ڕەفسەنجانی کۆڵەکەیەک بوو کە توندڕەوی و سەرەڕۆیی خامنەیی بە شێوەیەک پاساوی دەهێنایەوە کە دونیا پیی وابێ دەکرێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا تەعامول بکرێ! مردنی ڕەفسەنجانی ڕەنگە ئەو ئامرازە گرینگەی چەواشەکاری و فریوکاریە لە دەستی کۆماری ئیسلامیدا نەهێڵێتەوە و کۆماری ئیسلامیی ڕاستەقینە دووبارە بە هەموو جیهان نیشان بدرێتەوە.

بەم چەشنە، ئەگەر ژیانی ڕەفسەنجانی کۆڵەکەیەک بوو بۆ ڕاگرتن و درێژەی تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە، نەمانی ئەو کۆڵەکەیەش لە داهاتوودا شوێندانەری خۆی لە سەر ڕێژیم دەبێ. هیوادارین کە سەرانی دیکەی ئەم ڕێژیمە بکەونە دەست دادگایەکی دادپەروەرانەی خەڵکی و هەموو پەروەندەی تاوانەکانیان بۆ خەڵک بخرێتە روو و بە سزای کردارە دژە مرۆییەکانیان بگەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢١ی بەفرانباری ١٣٩٥
١٠ی ژانویەی ٢٠١٧