کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و پارتی لەسەر یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان جەختیان کردەوە

11:42 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان، لە پارێزگای سلێمانی ــ هەڵەبجە کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، شاندێکی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی "محەممەدساڵح قادری"، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکان و بە یاوەریی "ئیسماعیل ڕەحمانی"، نوێنەری حیزب لە سلێمانی، سەردانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان، لە پارێزگای سلێمانی ــ هەڵەبجەیان کرد و لە لایەن شاندێکی پارتی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی "عارف تەیفوور"، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و سەرۆکی ئەنجومەنەکەوە، پێشوازییان لێ کرا.

دوو لایەن لە دیدارێكی دۆستانەدا، بارودۆخی کوردستان و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و پێویستیی یەکگوتاری و یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسی و نیشتمانپەروەرەكانی نەتەوەكەمان لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا، بە سەرەنجدان بە بەرژەوەندیی باڵای گەل و وڵات، بە پێویست زانرا.

لە کۆتایی ئەو دانیشتنەدا، شاندی پارتی دێموکرات، وێڕای سپاس و پێزانینیان بۆ سەردانی وەڤدی حیزبی دێموکرات، پێداگرییان لە پەیوەندیی دۆستانەی هەر دوو لا کردەوە و لەسەر بەهێزترکردنی پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو لایەن جەختیان کردەوە.