کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە کۆ بوونەوە

11:11 - 25 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ سکرتێری پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە (الوەحدە) کۆ بووەوە و جەختی کردەوە کە حیزبی دێموکرات پشتیوانی لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا دەکات.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۲۲ی سەرماوەز، "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بێلژیک، لەگەڵ مامۆستا "مەحیەدین شێخ ئاڵی"، سکرتێری پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە (الوەحدە) کۆ بووەوە.

لەو دیدارەدا، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەسەر ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی کرد.

"هیجری" لەسەر گرینگیی پێوەندی و بیروڕاگۆڕینەوە لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان جەختی کردەوە.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی و هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ هاونیشتمانییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا، هیوای خواست  یەکڕیزی و تەبایی پارت و لایەنەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا ببێتە هەوێنی گەیاندنی کورد لەو بەشەی  کوردستان بە هەموو ماف و ئازادییەکانیان.

"هیجری" گرینگترین هەنگاوی بە کردەیی ‌کردنی ئەو ئاواتەی لە یەکڕیزی و تەبایی هێز و لایەنەکانی  کوردستانی ڕۆژئاوا و هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان پێناسە کرد.

لەو دیدارەدا، "مامۆستا مەحیەدین"، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر ڕەوشی کوردستانی ڕۆژئاوا خستە بەر باس و هەنگاوە نێونەتەوەیی و کوردستانییەکان بە مەبەستی دروستکردنی هاودەنگی لە نێوان پارت و لایەنەکانی کوردستانی ڕۆژئاوای بە ئەرێنی وەسف کرد.