کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی ڕەشەمە، شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە، بە سەرپەرەستیی بەڕێز "مەحموود محەممەد"، نوێنەری پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە، نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستان، سەردانی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد و لە لایەن وەفدی پێوەندیەكانی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی "محەممەدساڵح قادریـ"ـیەوە، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە هەولێر پێشوازییان لێ كرا.
شاندی میوان وێڕای سپاس لە پێشوازی هەیئەتی حیزب، تیشكیان خستەسەر ڕەوشی هەنووكەیی ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت بارودۆخی نالەباری خەڵك لە شاری عەفرین و هەوڵی گۆڕینی دێموگرافی ئەو ناوچانە لە لایەن هێزە داگیركارەكانەوە.
دواتر "محەممەدساڵح قادری"، وێڕای سپاس لە هەیئەتی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە، بۆ سەردانەکەیان، ڕۆڵی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە، وەک هێزێکی نیشتمانی و میانەڕەو لە هاوكێشە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا بەرز نرخاند و هەڵویست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی سەبارەت بە پشتیوانیكردن لە خەباتی ڕەوای كورد لە پانتایی كوردستان دەربڕی و تیشكی خستەسەر قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەڤبەندی هێزە خەباتكارەكانی ئێران بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
شاندی دوو لایەن وێڕای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسیی ناوچە و ململانێی نێوان زلهێزەكان و دەوڵەتە ناوچەیییەكان، بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییە ستراتژییەكانیان، دەرفەت و ئالینگارییەكانی بەردەم جووڵانەوەی كوردیان بە جیدی زانی و جەختیان لەسەر ئەوە کرد، کە لەم بارودۆخە هەستیارەدا، هەموو هێز و لایەنی بەرپرسی كوردستان لە پێناو سەركەوتندا، بە كاری هاوبەش و پاراستنی تەباییی نێو ماڵی كورد مەحکوومن.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا، هەر دوو لایەن پێداگرییان لەسەر بەهێزترکردنی پێوەندی و هاوكارییەکانی نێوانیان کردەوە.