کوردستان میدیا: شاندێکی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی، سەردانی مەکتەبی پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانیان کرد.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی پووشپەڕ، شاندێکی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی "محەممەدساڵح قادری"، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکان و بە یاوەریی "ئیسماعیل ڕەحمانی"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی، سەردانی مەکتەبی پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی کرد و لە لایەن شاندێکی یەکیەتیی نیشتمانی بە سەرپەرەستیی مامۆستا "ئێکرام عەلی"، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەکتەبی پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانییەوە، پێشوازییان لێ کرا.
لەم دیدارەدا، شاندی دوو لایەن بە ئاوڕدانەوە لە بارودۆخی سیاسیی ناوچە و هاوكێشە سیاسییەكانی پەیوەندیدار بە جووڵاندنەوەی كورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هاوپەیوەندی و پاڵپشتیی هێزە نیشتمانییەكانی كوردستان بۆ چۆنیەتیی تەعامول و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشهاتەكانیان، بە پێویست زانی. هەروەها گرینگیی لێكتێگەیشتن و تەبایی نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ پاراستنی دەسكەوتە نەتەوەییەكان لە ڕاستای بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بە پێویست زانرا.
لە كۆتایی دیدارەكەدا، دوو لایەن جەختیان لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوانیان کردەوە.