کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد

12:38 - 13 جۆزەردان 2720

دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٤٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ڕوو لە ڕێبەرایەتی و هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەکیەتی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز، مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

وێڕای سڵاوێکی خەباتگێڕانە

بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەبۆنەی ٤٥ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ی زایینی لەلایەن سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و پۆلێک لە هاوبیرانی لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرا، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەرکردایەتیی یەکیەتی و هەموو ئەندامان و جەماوەری تێکۆشەری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو ڕێبازە و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان.

بەڕێزان!

دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارودۆخێکی هەستیار و مێژوویی گەلەکەماندا بوو. هاتنەوە گۆڕەپانی خەبات لەلایەن ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، ئیرادەی خەباتگێڕانی گەلی کوردی لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان و ڕێژیمە فاشیستەکانی ناوچەی دەرخست کە بە درێژایی مێژوو نکۆڵییان لە بوونی نەتەوەی کورد و مافە ڕەواکانی کردووە. لەم ڕێبازەشدا بە دەیان هەزار کادر و پێشمەرگە و ئەندام و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان گیانیان لە پێناو ئامانجەکانی گەلدا بەخت کردووە و مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان بۆ گەلی کورد تۆمار کردووە. لەم خەباتە شۆڕشگێڕانە و پڕ لە سەروەرییەدا یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ڕۆڵێکی خەباتگێڕانەی گێڕاوە و لە دەستەبەربوونی بەشێک لە مافەکانی گەلی کورد و بنیاتنانی پارلمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستاندا دەورێکی کاریگەری بووە و هەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەری مەزنمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، بە درێژایی مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕێزدار مام جەلال تاڵەبانی و ڕێبوارانی ڕێبازەکەی، بنیاتنەری پێوەندییەکی سیاسی، نەتەوەیی و نیشتمانی بووە و لە زۆر قۆناغی خەباتدا لە یەک مەتەرێزدا دژی داگیرکەرانی کوردستان خەباتیان کردووە و لاپەڕەکانی مێژوویان بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانی هەر دوو لا ڕازاندووەتەوە. هەر بۆیە بە ئەرکی سیاسی و نەتەوەییمان دەزانین کە لەم بۆنە مێژووییەدا پیرۆزباییتان لێ بکەین و لە بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجە سیاسییەکانتاندا ئاواتی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ بخوازین.

بەرز و پیرۆز بێت ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان

محەممەدنەزیف قادری