کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزرانی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستانی کرد

16:50 - 12 رێبەندان 2720

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی "پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان"، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو حیزبە کرد و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون و بەهێزترکردنی دۆستایەتی و هاوکاری کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز مەکتەبی سیاسیی "پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان"

سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە

بەبۆنەی ١ی شوبات، بیست و شەشەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبە تێکۆشەرەکەتان پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ئەم بۆنە پیرۆزە دەکەینە هەوێنێک بۆ وەبیرهێنانەوەی مێژووی بێگەرد و پڕ سەروەریی حیزبە نیشتمانپەروەرەکەتان و جەختکردنەوە لەسەر دۆستایەتی و پەیوەندیی دێرینمان کە تا ئێستاش وەکوو خۆمان بە نموونەی پەیوەندییەکی نیشتمانی و لەسەر بناغەی پرەنسیپە جیگەی باوەڕەکانی هەر دوو لامانی دەزانین.

ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە درێژایی مێژووی خەباتی پڕ هەوراز و نشێوی خۆمان هەمیشە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێزمان لەگەڵ لایەنە سیاسییە تێکۆشەرەکانی باشووری نیشتمان و یەک لەوانەش حیزبی ئێوە هەبووە و هەوڵ و تێکۆشانی ڕابردووی حیزبی ئێوە لەپێناوی چارەسەریی کێشە چینایەتییەکان و پاڵپشتیی بەردەوامتان لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و خەباتی لێبڕاوانەتان بۆ چەسپاندنی دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سەروەریی یاسا و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنین و پێمان وایە هەڵوێست و سیاسەتەکانتان لەو پەیوەندییەدا دەکرێت وەک ئەزموونێکی بەنرخ چاوی لێ بکرێت.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی "پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان" بە ئێوە و لەڕێگەی ئێوەشەوە بە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە تێکۆشەرەکەتان ڕادەگەیەنین و جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون و بەهێزترکردنی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوانمان دەکەینەوە.

پیرۆز بێت ١ی شوبات، ساڵیادی دامەزرانی "پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان"

هەر بژین و سەرکەوتوو بن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پەیوەندییە گشتییەکان

محەممەد نەزیف قادری