کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی لە کۆچەر بیرکار کرد

11:50 - 11 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: " کۆچەر بیرکار"، بیرکاری بژاردەی نەتەوەی کورد، بەناوبانگترین خەڵاتی بیرکاریی جیهانی بە دەست هێنا.

پرۆفسۆر "فەرەیدوون درەخشانی"، یەکێک لە مامۆستایانی لاوی کورد، لە زانکۆی کەمبریج لە وڵاتی بریتانیا توانی میداڵی "فیلدز"، بەناوبانگترین خەڵاتی جیهان لە بەشی بیرکاریدا بە دەست بێنێت.

میداڵی فیلدز لە ساڵی ١٩٣٦ زایینییەوە هەتا ئێستا، لە لایەن دامەزراوەی فیلدز لە شاری تۆرنتۆ، هەر چوار ساڵ جارێک بە دوو کەس هەتا چوار توێژەری ژێر تەمەن ٤٠ ساڵ دەدرێت،کە لە بەشی بیرکاری لە جیهاندا کار دەکەن.

هەروەها خەڵاتی ٢٠١٦ی ئەنجومەنی بیرکاریی ئامریکای، بە فەرەیدوون درەخشانی (کۆچەر بیرکار) و ٣ بیرکارزانی دیکە پێشکەش کراوە.

ئەو خەڵاتە هەر دوو ساڵ جارێک، بەو کەسانە دەدرێت کە لە بیاڤی بیرکاریدا توێژینەوە دەکەن. کۆچەر بیرکار لە بەشی "هێندسەی جەبریـ"ـدا چالاکی دەکات.

لە دوای سەرکەوتنی ئەو لاوه کوردە لە بەشی بیرکاریدا، خەڵکی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەی جۆراوجۆر خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ئەو لاوه کوردە دەربڕی و بە هەشتەگی #کۆچەر #سپاس #Caucher  #Thankyou  پیرۆزبایی خۆیان بەو بیرمەندە کوردە گەیاند.

ئەو بیرمەندەی نەتەوەی کورد، دوای وەرگرتنی میداڵی "فیلدز" ڕایگەیاند: هیوادارم بەم خەڵاتە بزه بخەمە سەر لێوی ٤٠ میلیۆن کورد".

بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە لە لایەن بیرمەندێکی کورد، لە جیهاندا لە ڕاگەیاندنەکانی جیهانیش دەنگی دایەوە و باسی سەرکەوتنی ئەو لاوە کوردەیان کرد.

کۆچەر بیرکار، ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی، لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان چاوی بە دنیا هەڵێناوە و بڕوانامەی کارناسی لە زانستگەی تاران وەرگرتووە.

ناوبراو قۆناغی دوکتورای لە زانستگەی ناتینگهام لە بریتانیا تەواو کردووە و لە ساڵی ١٣٨٥وەکوو پرۆفسۆری بیرکاری لە زانستگەی کەمبریج دەستبەکار بووە.

ئەو لاوە کوردە هەتا ئێستا لە ٢٠ وڵاتی جیهان، کۆبوونەوەی لەسەر دوایین دەسکەوتەکانی بیرکاری گرتووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێرای پیرۆزبایی لەو بیرمەندەی نەتەوەی کورد، خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەرکەوتنی ئەو لاوه کوردە دەردەبڕێت و هیوای سەرکەوتنی لە بوارەکانی دیکەی زانستدا بۆ بەئاوات دەخوازێت.