کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پێشوازیی لە بڕیاری ئاڵمان بۆ قەدەغەکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لەو وڵاتەدا کرد

11:20 - 16 بانەمەڕ 2720

پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان و هەر دوو پارتی دێموکرات- مەسیحی و سۆسیال-  دێموکراتی ئاڵمان کە لە ئێستادا پێکهێنەری حکوومەتی ئەو وڵاتەن، پێشوازیی لە بڕیاری قەدەغەکردنی حیزبوڵڵای لوبنان لەو وڵاتەدا کرد.

لە نامەکەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتدا، ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی ئاڵمان بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی نرخێندراوە کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە ئاڵماندا هەبێت کە هاوپەیمانێکی گرنگی ڕێژیمی ئێرانە و ڕێژیم زۆر جار بو جێبەجێکردنی کردەوە قێزەوەنەکانی دژ بە جیابیران و هێزەکانی دژبەری ڕێژیم کەڵکی لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە وەرگرتووە.

هەر لەم نامەیەدا ئاماژە بە تێرۆری میکۆنوس کراوە کە بووە هۆی شەهیدکرانی سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکرات، د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە شاری بێرلین. لەو هێرشەدا چوار ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان و ئێرانییەک بەشدار بوون.

لە کۆتایی نامەکەدا داواکراوە کە دەوڵەتی ئاڵمان ئەو دامودەزگا و ڕێکخراوانەی دیکەش کە لەژێر  چەتری دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێراندا کاری تێرۆرێستی دەکەن لەو وڵاتە قەدەغە بکات، تاکوو کاریگەریی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا بەرتەسک بکاتەوە.