کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: چەواشەکارییەکانی رێژیم لەبارەی پێشمەرگەوە، وەك بەری رووناكیی خۆر بە بێژنگ گرتنە

15:14 - 5 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکرات، چەواشەكارییەكانی رێژیمی ئێران لە بارەی پێشمەرگەوە وەك بەری رووناكی خۆر بە بێژنگ گرتن وەسف دەکات و رایدەگەینێت کە رێژیمی ئێران هەر جارە‌و بە شێوەیەك دەیهەوێت لە گرنگی ‌و بەهای پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر كەم بكاتەوە.

لە بەشێك لە بڵاوكراوەی ماڵپەڕی سبەی لە ژێر سەردێڕی ئێران رۆڵی پێشمەرگە دژ بە داعش پەراوێز دەخات هاتووە: لە بری نرخاندنی سەركەوتن‌ و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە دژ بە داعش، حكوومەتی ئێران سوپاسی سوپای عێراق‌و میلیشیا شیعەكان(حەشد شعبی) دەكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئەو دوو هێزە هیچ پێشڕەویەكیان نەكردووە بەرامبەر بە داعش.

لەو پێوەندییەدا، مەرزیە ئەفخەم، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، لە لێكدوانێكدا وتوویەتی: ئێران بە سەركەوتنەكانی ئەمدواییەی سوپا و حەشدی شەعبی لە عێراق دژ بە تیرۆر خۆشحاڵە.
ئەفخەم لە درێژەدا جەختی کردووەتەوە: كۆمەكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ حكوومەت ‌و گەلی عێراق، بەردەوامی دەبێت.

لە ماوەی رابردوودا گرووپی داعش بە دەستی پێشمەرگە زیانی زۆری بەركەوتووە رێ لە جموجوڵەكانیان گیراوە، ئەمەش زۆرێك لە وڵاتانی جیهانی سەرسام كردووە‌ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان بەرز نرخاندووە.

بەرزنرخاندنی رۆڵی پێشمەرگە لە شەری دژی گروپی تیرۆریستیی داعش لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە لە حاڵێکدایە کە تاکوو ئێستا بەرپرسانی رێژیمی ئێران هیچ لێدوانێكی فەرمییان كە پێزانین بێت بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دژ بە داعش نەداوە.

سەرەڕای ئەوەی کە رێژیمی ئێران رۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕی داعش بەرز نەنرخاندووە، لە ٢ی رەزبەری ئەمساڵدا فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی ئێران لە سوپای پاسداران رایگەیاند كە: قاسم سلێمانی بە ٧٠ كەسەوە نەیهێشتووە هەولێر بكەوێتە دەست داعش.

ئەم فەرماندەیە هەروەها ئاماژەی دابوو: ئەگەر ئێرانیش نەدەبوو چەكدارانی داعش دەستیان دەگرت بە سەر هەرێمی كوردستاندا.

هەر بە هەمان مەبەست ماڵپەڕی ندای اورمیە كە یەكێك لە كۆمەڵە راگەیەنەكانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات یان ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانە، لە بڵاوكراوەیەكی رایگەیاندووە: كۆماری ئیسلامی لە تەنیشت پێشمەرگە سەربەرزەكانی كوردی موسڵمان لە حاڵی پێشڕەوی شار بە شار ‌و پاككردنەوەیان لە بەكرێگیراوانی داعش لە ناوچە دان.

ناوبردنی پێشمەرگەی کوردستان بە پێشمەرگە موسڵمان لە حاڵێکدایە كە پێشمەرگەی موسڵمان لە لایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەو كوردە خۆفرۆشانە دەوتری كە بە مەبەستی هێرش بردنە سەر تێكۆشەرانی سیاسیی كورد بە تایبەت پێشمەرگە، چەكدار كراون.

بە پێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان کە ٢١ی سەرماوەزی بلاو کراوەتەوە، تاکوو ئەوکات زیاتر لە ٧٠٠ پێشمەرگە لە شەڕی داعش شەهیدبوون ‌و زیاتر لە ٣ هەزاری دیكەش لە پێناوی ئازادكردنی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان بە دەستی داعش بریندار ببوون.

شەهیدبوونی پێشمەرگە لە پێناو نیشتمان و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتێکدایە کە رێژیمی دژی كورد‌ی ئیسلامیی ئێران كە چاوی بەرایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە نادا، هەر جارە‌و بە شێوەیەک دەیهەوەێت لە گرنگی ‌و بەهای پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر كەم بكاتەوە، خافل لەوەی نێو ‌و نێوبانگی پێشمەرگە بە تایبەت لە ئێستادا لە سەرتاسەری دنیا دەنگی داوەتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێرەدا جەخت دەکاتەوە کە چەواشەكارییەكانی رێژیمی ئێران لە بارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و کەمڕەنگ‌کردنەوەی رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و تێرۆریزم، وەك بەری رووناكیی خۆر بە بێژنگ گرتنە.