کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمی نەورۆزی بەڕێوە برد

12:18 - 1 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پێشوازی لە ساڵی نوێ و هاتنی سەری ساڵی نوێی هەتاوی جێژنێکی تایبەت و بە شکۆ لە کەمپەکانی ئازادی و جێژنیکان بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کەمپی ئازادی بەڕێوە چوو و ئاگری نەورۆزی ساڵی تازەی هەتاوی هەڵکرا و سەمای ئازادی بۆ پشتیوانی لە سەماگێڕانی ئازادی لە شار گێڕدرا.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی گۆرانی "ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە"، لە لایەن هونەرمەند "غوڵام فاتحیـ"ـیەوە دەستی پێ کرد.

پاشان، "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بە بۆنەی دەسپێکردنەوەی ساڵی نوێی هەتاوی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دواتر شعرێک لەژێر ناوی "ڕەشبەڵەکی شاخ و شار" لە لایەن پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات "جەماڵ فەتحی" خوێندرایەوە.

 پاشان بە خوێندنی سروودی "نەورۆز" لە لایەن هونەرمەند "غوڵام فاتحی" ڕێوڕەسمەکە زیاتر ڕازێندرایەوە و لەدرێژەی ڕێوڕەسمەکەدا چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی کوردەواری لە لایەن گرووپی هەڵپەرکێی "کوردستانـ"ـەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ئاگری نەورۆز لە لایەن لێپرسراوی گشتی حیزبی دیموکرات "مستەفا هیجری"، خاتوو "پەیمان قلیج" هاوسەری "شەهید شەهاب حەیدەری" و خاتوو "چینی مینبەری" هاوسەری "شەهید مام ئەکبەر مینبەریـ"ـیەوە هەڵکرا.

له کۆتایی رێوڕەسمەکەشدا کادر، پێشمەرگە و ئەندامان و میوانانی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەلپەڕکێ سەمای ئازادییان گێڕا.

هاوکات هەر لەو پێوەندییەدا بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵە و میوانان لە کەمپی جێژنیکان ئاگری نەورۆز کرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا، ئاگری نەورۆز بە دەستی "سەدیق دێهقان" کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرایەوە.

دوای کردنەوەی ئاگر بەشداربووانی رێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاوەتر کرد.