کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکەیە

11:10 - 16 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر ئەوەی که ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکەیە، جەخت کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات، بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ئەم دواییانە، دەستی پێکرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، وێڕای خستنەبەرباسی دەستووری کاریی کۆبوونەوەکە، ڕاپۆرتی سیاسیی ئامادەکراو لە لایەن ناوەندی سیاسی و ڕا و سەرنجی خۆی بۆ باشتر و بەهێزترکردنی ڕاپۆرتەکەی خستە بەرباس.

ڕاپۆرتی سیاسیی ئاماژەپێکراو کە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمجارەی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی بوو، لێکدانەوە و شیکردنەوەی دۆخی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت دۆخی ئێران و عێراق و لوبنان بوو.

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هاوسەنگیی هێز کە دوای ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت و بەتایبەت دوای هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت لە دوو دەیەی ڕابردوودا هاتبووە ئاراوە، ئێستا خەریکە لە ناوچە دەگۆڕێت و کاریگەریی خراپ و باشی لەسەر دۆخی کورد داناوە و زیاتریش دەبێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئێستای ئێران و هەنگاوە پێشێلکارییەکان و دۆخی نالەباری ئابووری خرایە بەرباس.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە عێراق و لوبنان کرا کە لە شێوازی حکوومەتداریی نزیک لە ئێران و دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران و گەندەڵییەکان وەزاڵە هاتوون و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن.

ڕاپۆرتی سیاسیی کۆبوونەوەکە پێی وایە کە ئەم گەندەڵی و ئاڵۆزی و دۆخە نالەبارەی ژیانی خەڵک لە عێراق و لوبناندا، بەهۆی دەستێوەردان و سیاسەتە شەڕەنگێزی و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی تارانەوە هاتوونەتە ئاراوە و هەر بۆیە خەڵک هاواری دەرکردنی ئێران لە وڵاتەکەیان دەکەن.

لێکدانەوەی سیاسیی کۆبوونەوەکە لەسەر پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە داخوازیی ڕەوای خەڵکی وەزاڵەهاتووی باشووری عێراق و هەروەها پشتیوانی لە مافە ڕەوا و نەتەوەییەکانی کورد لە کوردستانی عێراق و مافە بنچینەییەکانی هەرێمی کوردستان پێداگر بوو و پیشوازیی لە هاودەنگی و یەک هەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکانی کورد لەو بەشە لە کوردستان کرد.

کۆبوونەوەکە وێڕای هەڵسەنگاندنی هۆکارەکان و خستنە بەرباسی ئەگەرەکانی لێکەوتەی سیاسیی دۆخەکە و کاریگەرییان لەسەر کورد لە هەموو بەشەکاندا، بڕیار و ڕاسپاردەی پێویستی بە ڕێبەریی حیزب دا کە لە بەرامبەر ئەگەرە جیاوازەکاندا هەڵوێست و ئامادەکاریی پێویستی هەبێت.

بەشدارانی کۆبوونەوەکە دوای پێشکەشکرانی ڕاپۆرتەکە و شیکردنەوەکانی "مستەفا هیجری"، هەر کامەیان ڕا و تێبینیی خۆیان هێنایە ئاراوە و ڕاپۆرتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

کۆبوونەوەکە ئێوارەی هەمان ڕۆژ کۆتایی پێهات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی کارگێڕی

١٦ی خەزڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

٧ی نۆڤامبری ٢٠١٩ی زایینی