کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: کۆمار نەما، بەڵام یادی هەمیشە زیندوو و یادگارییەکانی بوون بە سمبول

10:53 - 30 بەفرانبار 2720

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٥مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە لە ٧٥ ساڵەی یادی کۆماری کوردستاندا بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە تا سەر و تا سەرکەوتن و وەدیهاتنەوەی دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان لە خەبات و خۆڕاگری بەردەوام و شێلگیرتر بین.

دەقی ڕاگەیەنداوەکە بەم چەشنە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان حەفتاوپێنجەمین ساڵڕۆژی دامەرزاندنی کۆماری کوردستان

هاونیشتمانیانی بەڕێز

کۆمەڵانی مافخوازی خەڵکی کوردستان

داکۆکیکارانی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد

٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ ١٣٩٩ی هەتاوی، حەفتاوپێنجەمین ساڵڕۆژی دامەرزانی کۆماری کوردستانە.  ئەو کۆمارەی کە لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە دەست پێشەوای نەمر قازی محەممەد لە بەشێکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ناوەندیی شاری مەهاباد دامەزرا.

بەو بۆنە مێژووییەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بەتایبەت ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و ئاواتەخوازین بە درێژەی خەبات و تێکوشان دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان دەستەبەر بێتەوە.

دامەزرانی کۆماری کوردستان بە تایبەتمەندییە دێموکراتیکەکانییەوە خاڵێکی وەرچەرخانیی لە مێژوویی خەباتی نەتەوەی کورددا تۆمار کرد. بۆ یەکەمجار کورد لەو بەشە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو بە خاوەنی کیان و دەسەڵاتێکی کوردی لە شکڵی کۆماریدا؛ ئەویش لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پردیکتاتۆری ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە خۆیدا دیاردەیەکی هیوابەخش بوو بۆ نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران و ناوچەکە.

گرینگی و شوێندانەری بەرچاوی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەو ڕوانگەوە جێگای بایەخ و سرنجدانە کە بە دامەزرانی ئەو کۆمارە بۆ یەکەمجار نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان بوو بە خاوەنی کیانێکی دێموکراتیکی نەتەوەیی و تامی خاوەنداریەتیی خۆی و بایەخە نەتەوەیی و ئازادییەکانی چێشت. زۆرداری و ماف پێشێلکاری دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر لابرا و هەستی بە بوونی خۆی و تایبەتمەندییە نەتەوایەتییەکانی کورد کرد. ڕەخسانی دەرتانێکی ئەوتۆ لەجێدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان حیزبێکی دێموکرات و مۆدێرنی کوردی بە ڕێبەرایەتییەکی جەمعییەوە لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا بوو.

ناوەڕۆکی دێموکراتیکی ئەو حیزبە لە ناوەڕۆکی دێموکراتیکی کۆماری کوردستانیشدا ڕەنگی دایەوە و ئەو کۆمارەی کردە نمونەیەکی دەگمەنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە ناوچەدا.

جیا لەوە پەرەگرتنی بیر و هەستی نەتەوایەتی لەپێش دامەرزانی کۆماری کوردستان بوونی هەبوو و لەلایەن کۆمەڵەی ژێکافەوە کە دواتر حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنچینەی ڕێکخراوەیی ئەو ڕێکخراوەیە دامەزرا پتر و بەرینتر پەرەی پێدرابوو کە لە شکڵگرتنی ئەم دەسەڵاتە کوردییەدا شوێندانەر بوو.

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر بەستێنی پەرەگرتنی هەستی نەتەوایەتی و دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەئارادا نەبوایە ئاستەم بوو کۆماری کوردستان دامەزرابا و ئەگەر دامەزرابا خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە دێموکراتیکە نەدەبوو کە هەیبوو.

دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان لە زۆر بارەوە گرینگ و پڕبایەخن کە هەر کامیان بە تەنیایی باسێکی تەسەل و لێکۆڵینەوەیەکی وردیان پێویستە و بۆشیان کراوە، بەڵام گرینگە وەبیربێنینەوە کە لە کۆماری کوردستاندا ئازادی بەیان بەمانای واقعی خۆی بۆ هەمووان تەنانەت بۆ دژبەرانی کۆمار و شەخسی پێشەواش هەر چەند دەگمەن بوون دەستەبەر و مسۆگەر کرابوو، بەجۆرێک کە هیچ کس لەسەر بیروڕای جیاواز و بگرە دژایەتی لەگەڵ کۆمار نەکەوتە ژێر لێپرسینەوە و بەرتەسککردنی ڕادەربڕین. ڕەنگە بۆ دونیای ئەمڕۆش بە زەحمەت جێگای باوەڕ بێ کە لە کۆماری کوردستاندا زیندان و زیندانی، بوونی نەبوو، ئازادی ئایین و ئایینزاکان بە تەواوی دەستەبەر کرابوو و ئەمنییەتی گیانی و ماڵی بۆ هەمووان دابین کرابوو.

هەر بۆیە ببووە جێگای هیوا و ئۆمێدی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و بە تاسەوە لێیان دەڕوانی و تەنانەت تێیدا بەشداربوون و سیما نەتەوەییەکەی پڕڕەنگتر بوو.

کۆماری کوردستان بە تایبەتمەندییە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانییەوە قورسایی خستبووە سەر دڵی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی ناوچە و لە دژی وەستانەوە و لەوە زیاتر بەرژەوندی زلهێزەکانی براوەی شەڕی جیهانی دووهەمیش ڕێگای لە مانەوە و گەشەکردنی کۆمار بەربەست کردبوو هەر بۆیە پاش ١١ مانگ درەوشانەوە لە ئاسمانی ژیانی کورددا مۆمی تەمەنی کوژێندرایەوە.

کۆمار نەما، بەڵام یادی هەمیشە زیندوو و یادگارییەکانی وەک ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پێشمەرگە و زمانی کوردی نەک هەر بۆ کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڵکوو بۆ کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بوون بە سەمبول و بەڕێزەوە سەیریان دەکەن و ڕەوایی نەتەوەییان پێ بەخشراوە.

پاش نەمانی کۆمار و لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی و زیندانی کرانی ڕێبەرانی حیزب و کاربەدەستانی کۆمار لەگەڵ ئەوەی زامێکی بەژان بوو، هەستی نەتەوایەتی ڕۆڵەکانی کورد دانەمرکا، خەبات و قوربانیدان لەپێناو وەدیهێنانی دەسکەوتەکانی کۆمار کۆتایی پێ نەهات بگرە بەهێزتر و بەگوڕتر مانەوە.

لە ماوەی ٧٤ ساڵی ڕابردوودا خەبات و خۆڕاگری کورد بە تایبەت حیزبی قازی، قاسملوو، شەرفکەندی و هەزاران شەهیدی دیکە بەردەوام بووە. ئەو خەباتە ئێستا لە شێوەکانی جۆراوجۆریدا دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ڕێژیمێکی خاوەن ئیدئۆلۆژیکی کۆنەپەرەستانە و دواکەوتوو، وەک ڕێژیمێکی یاغی کە دژ بە دێموکراسی، مافی مرۆڤ،مافی نەتەوایەتی نەتەوەکانی ژێرستەمی ئێران، وەک ڕێژیمێکی تیرۆریست و تیرۆریستپەروەر،رێژیمێکی ناتەبا لەگەڵ ڕۆحی سەردەم لە حاڵی خەبات و خۆڕاگریدایە.

ئەو ڕێژیمە بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کۆنەپەرەستی و خورافات سیمایەکی دزێوی خستۆتە بەر دیدی خەڵکی دونیا، هەموو سەروەت و سامانی وڵات و بەرژەوەندی ئێرانی لەپێناو پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژی خۆی و دابینکردنی پێداویستی و ئیمکاناتی تیرۆر و ئاژاوەگێری بۆ گروپە تیرۆریستییەکانی دەستپەروەردەی خۆی بەفیڕۆ دەدا و خەڵکی ئێرانی لە هەژاری،نەداری، بێکاری و بێدەرەتانیدا هێشتووەتەوە و ناڕەزایەتی خەڵک لەوپەڕی خۆیدایە، بۆیە ئەو ڕێژیمە نگریسە گەیوەتە لێواری لەرزۆکی و هەڵدێری نەمان و ئەویش ڕێگای خەباتمان هەموارتر دەکات. خەباتی ئێمە لەگەڵ ڕێژیمێکی وا هار و بێ‌هەوسار خەباتێکی ئینسانی، نەتەوەیی و ئازادیخوازانەیە،خەباتێکی ڕەوا و بەرحەقە و هەر بۆیەش جێگای پشتیوانی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانی ڕاستەقینەیە.

لە ٧٥ ساڵەی یادی کۆماری کوردستاندا بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە تا سەر و تا سەرکەوتن و وەدیهاتنەوەی دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان لە خەبات و خۆڕاگری بەردەوام و شێلگیرتر بین.

لە ٧٤ ساڵەی شەهیدکرانی پێشەوای کورد قازی محەممەد و گیان بەختکردنی ڕێبەرانی حیزب و کاربەدەستانی کۆماردا وەسیەت و ڕاسپاردەکەی پێشەوا لە پێوەندی لەگەڵ پەرتەوازەنەبوون، بەپێچەوانەوە، تەبابوون و یەکگرتوویی دەکەینە چرای ڕووناکیدەری ڕێگای خەباتمان و بە پەرەپێدانی ئەو خەباتە لە گۆڕەپانەکان و پانتاییەکانی شار و شاخ مەودای گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانمان کەمتر و کورتتر دەکەینەوە.

یادی کۆمار بەرز وبەخێر بێ؛

گیانی پاکی پێشەوا و ڕێبەرانی حیزب و کۆمار بە وەدیهێنانی ئاواتەکانیان شاد و ئارام بێ؛

سڵاو لە حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛

سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان؛

سڵاو لە زیندانیانی سیاسی زیندانبەزێن؛

سڵاو لە زامهەڵگرتووەکان و کەمئەندامانی ڕەوتی خەبات و خۆڕاگری؛

سڵاو لە ڕێبازی ڕەوا و بەرحەقی خەباتی کورد؛

سڵاو لە کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان پشتیوانانی هەمیشەیی خەباتی کورد و حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان؛

نەمان بۆ ڕێژیمی دیکتاتور و دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی ئێران؛

سەرکەوتن بۆ خەباتی کورد و تێکۆشەرانی دێموکرات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی