کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ‌هێزێکی شۆڕشگێڕ و کردارییە

12:41 - 17 خاکەلێوه 2720

محەممەد سلێمانی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێزێکی کاریگەر و تێکۆشەری نێو بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بێگومان شوێنی قووڵی لەسەر کۆی ڕووداو و پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکان هەیە و ئەگەر تۆزێک بۆ دواوە بڕوانین، ئەو کات نێوەڕۆکی ئەو دێڕەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

حیزبی دێموکرات کە  ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەیەکی بە تەواوی سیاسی و نەتەوەیی ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای تێپەڕاندنی قۆناغە سەخت و دژوارەکانی سەر ڕێگای تێکۆشانی، وەک هێزێکی دێموکرات و شۆڕشگێڕ بەو پەڕی دڵسۆزی و باوەڕ بە خەباتی ڕەوای گەلەکەی ڕەوڕەوەی بەرخۆدانی نەتەوەیی درێژە پێ داوە.

وەک هیزێک کە پانتاییەکی گەورەی سیاسی و تەشکیلاتیی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خۆی گرتووە، نە بە سەرکەوتن لە خۆی دەردەچێت و لەژێر گوشار و ڕۆشی ڕەشدا، دەست و پێی خۆی بزر ناکات و هەڵوێست ناگۆڕێت و چۆک بۆ داگیرکەر دانادات.

 زۆر ژیرانە هەنگاوەکانی خەباتی ناوە و سیاسەت و بڕیارەکانی کە بۆ هەر قۆناغێک لە خەباتی سیاسی دایڕشتبێت، بەرئەنجامی لێکدانەوە و ڕوانینی ژیرانەی ئەو حیزبە بووە.

قەرار و هەڵوێستە سیاسی و نیشتیمانییەکانی بە جۆرێک بوونە کە بەرژەوەندییە  نەتەوەییەکان بە تەواوی تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. بەرنامەی شیاو و ستراتیژیی قووڵی سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، متمانە و پرستیژی ئەو حیزبەی هێندەی تر لەنێو خەڵکی کوردستاندا برددوەتە سەرەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بنەمایەکی ئەوتۆ پێک هاتووە کە ڕێبازی سیاسی ڕەنگانەوەی خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانە.

حدکا بەردەوام ڕۆڵی گەورە و پێشەنگی لە ڕێبەریکردنی ڕەوتی خەباتی ئازادیخوازیدا گێڕاوە و لە هەموو قۆناغەکانی بەرخۆدانی نەتەوەییدا، لایەنگری کۆدەنگیی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و زۆر بە جیددی هەوڵی پاراستنی داوە.

لەوەش گرینگ تر ئەوەیە کە بە درێژایی تێکۆشانی سیاسی، خەباتی لە پێناوی بەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلی کورددا کردووە و لە ڕەوتی جووڵانەوەی سیاسیی کورددا، بۆ جارێک تۆوی نائومێدی و بێ هیوایی لەنێو خەڵکدا بڵاو نەکردووەتەوە و هەر وەک هەمیشە هێزێکی کرداریی شۆڕشگێڕ بووە لە مەیداندا.

لە جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی ٤٦ و ٤٧ کاتێک سەری هەڵدا کە ئومێد بە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی زۆر لاواز ببوو. بەڵام ئەو خەباتە توانی هیوا و ئومێدی تێکۆشان لەنێو دڵی خەڵکدا زیندوو بکاتەوە. ڕانگدانەوەی ئەو سەرهەڵدانە نەتەوەییە بێگومان خۆی لە بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی  ڕاسان"دا بەرجەستە کردەوە.  بەداخەوە زۆر کەسی هەرزەکار و فیکر هەژار تیروتوانج دەگرنە سەر جووڵانەوەی ڕاسان و بە بابەتێکی بێ سەمەری ناو دەبن. بێگومان پاش ئەوەی خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ناوچە و هەرێمایەتیی پشووی پێدرا!

بە دەستپێکردنەوەی خەباتی سیاسی و چەکداری لەژێر دروشمی ڕاساندا، وشیاری و کۆدەنگی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە دوای خۆیدا هێنا. حیزبی دێموکرات بە دەستپێکردنەوەی خەباتی سیاسی و چەکداری لەژێر دروشمی "ڕاسان" دا، بێگومان وشیاریی سیاسی و کۆدەنگییەکی بەهێزی تێکۆشانی نەتەوەیی لەنێو خەڵکی کوردستاندا بەرهەم هێنا و بۆ جارێکی تر هیوا و ئومێدی بە شۆڕشی ڕزگاریخوازی بەخشییەوە.

حیزبی دێموکرات سەرەڕای تێرۆری ڕێبەرانی بلیمەت و هەڵکەوتووی سیاسی و مێژوویی، بەڵام دیسان بە سەربەرزییەوە ڕێگای هەوراز و نشێوی دژواری قۆناغە جۆربەجۆرەکانی خەباتی سیاسیی بڕیوە و لە کاتی تەنگانە و ڕۆژە سەختەکانی بەرخۆدانی نەتەوەیی بە دژی مەیرسیدارترین ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی سەردەم، هەنگاوەکانی بە لەرزۆکی و دڵەڕاوکێ نەهاویشتووە.

بێگومان  لەبەر ئەو تایبەتمەندییە بەرز و ئەخلاقییانەی بووەتە ئەو هێزەی کوردستان  و باوەڕ و متمانەی زۆریان پێیە و بە ئومێدەوە بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمی دژی گەلی ئاخوندی ئێران دەڕواننە هەنگاوەکانی حیزب.

خەباتی سیاسی و نەتەوەیی حیزب مێژوویەکی پڕشەنگدار و گەشی هەیە و کاتێک دەسەڵاتی ئاخوندی لە ئێراندا، دەسکەوتەکانی شۆڕشی دەستبەسەرداگرت و نکۆڵی لە مافی سیاسیی گەلان و خەڵکی کوردستان کرد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵوێستی بەرگریکردن و بەرخۆدانی نەتەوەیی ڕاگەیاند. وەک هێزێکی بەرپرس لە بەرامبەر خواستی نەتەوەکەیدا، بڕیاری شۆڕشێکی بەرینی دا و تەسلیمی گوشار و سیاسەتی دووڕوویانەی ئەو ڕێژیمە نەبوو.

حدکا  بەردەوام  وەک داکۆکیکارێکی بوێر و جەسوور لە مەیداندا بووە و هەرگیز پشتی نەکردووەتە خواستە سیاسی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و ئەوەی بۆی کرابێت، لە پێناوی پاراستنی ناسنامە و شوناسی نەتەوەییدا کردووەیەتی و هەر بۆیەش بەو جۆرە ڕیشەی لەنێو دڵی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستاندا کووتاوە و بە هێزێکی جێگای باوەڕ و متمانەی خۆیانی دەزانن.

هەر لە خۆوە نەبووە کە وەختی خۆی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی کوردستان لە مەت حەوسەنای حیزبدا وتوویانە: "نان نانی گەنمە و حیزب، حیزبی دێموکراتە". بەو واتایە کە جگە لە حیزب هێزێکی تر نەبووە جێگای باوەڕ و متمانەیان بێت و بە پشتیوانی خۆیانی بزانن و لە پێناوی مان و هەبوونی کورددا لە مەیدان دابێت و هەر بە قسە، خۆی بە لایەنگر و پشتیوانی هەژاران و چین و توێژەکانی تری کوردستان سەیر نەکات.

مەبەستی خەڵک ئەوە بووە کە حیزب لە باری سیاسی و فیکرییەوە زۆر نزیک لە خەڵک بووە و دروشمێکی  ئەوتۆی نەداوە کە هێزی بەدیهێنان و پاراستنی نەبێت و یان باوەڕی بە شێوەی خەباتەکەی خۆی نەهێنابێت.

 بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان لە ساڵەکانی ١٣٥٧ تا ١٣٦٤ زۆر هەستیار و تایبەتی بوو،  هێزەکانی کوردستان جگە لە حدکا ئامانج و خواستی سیاسی و نەتەوەییان بە تەواوی دیار و /روون نەبوو و بەداخەوە هێندێکیان بەهۆی بەستراوەییان بە فیکری چەپی و ڕوانینی جیاوازیان، زۆر شەرمێونانە باسی مافی نەتەوەکەیان دەکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  بووەتە سەرچاوەی بیری ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و لەو مەیدانەدا هیچ لایەن و گرووپێک شان لە شانی نادات.

هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە سەرنج و ڕوانینی حیزب لە هەمبەر کۆی باس و هەڵسەنگاندنە سیاسی و نێودەوڵەتییەکاندا، لەلایەن خەڵک و هێزە کوردستانی و ئێران یەکانەوە بە هێند وەردەگیرێت و بە خۆشییەوە لە باری سیاسی و تەشکیلاتییەوە پانتاییەکی بەرینی بۆ خۆی گرتووە و کاریگەریی گەورەی لەسەر پاشەڕۆژی وڵات دەبێت.

ئەوە مەسەلەی کە حیزبی دێموکراتی بە تەواوی لە هێزەکانی تر جیا دەکاتەوە، ڕاستی و دروستییە لە ڕاگەیاندنی سیاسەتی خۆیدا، دژی ئەوەیە لە بن لێوان باسی ماف و ئازادییە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی وڵاتدا بێنێتە گۆڕێ.

 سەبارەت بە ئاستی خواست و داواکارییەکانی گەلی کورد، هەڵوێستی خۆی لە نێوەڕۆکی فیدڕاڵیدا بە ڕوونی باسکردووە و هەر کارێک دەکات لە پێناوی چەسپاندنی مافی گەلی کورددا.

 بەهەق وەک هێزێکی پێشەنگ و ڕچەشکێنی کۆمەڵێک دیاردەی باوی سووننەتی هەنگاوی کاریگەری ناو و پاش پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی پێی نایە قۆناغێکی تر لە تێکۆشانی سیاسیدا.

پەیوەندییە سیاسی و نیشتمانییەکانی حیزب لەگەڵ هێزەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەرئەنجامی ڕوانینی ژیرانە و بەرپرسانەی ئەو حیزبە پیشان دەدات، بەتەواوی جێگای سەرنج و دڵخۆشییەوە بۆ خەڵکی کوردستان و ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری نیشتمانی.

حیزب باوەڕی نەگۆڕی بە هاوخەباتی و کۆدەنگیی سیاسی و نەتەوەیی بە دژی حکوومەتی ئاخوندیی ئێران هەیە و یەکگرتوویی سیاسی هێزەکان، بێگومان کاریگەری و گوشاری زیاتر لەسەر پێگە و نفووزی ڕێژیمی تاران دروست دەکات و کاتێک بە یەکگرتوویی بەرەوڕووی ڕێژیمی ئاخوندی دەبنەوە، کاریگەری و شوێنی بەرچاوی لەسەر پرۆسەی سیاسیی ئێران  و کوردستان دەبێت.

پێکەوەبوون و هاوکاریکردن لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و نێودەوڵەتیدا، بێگومان دەبێتە هەوێنی زیاتر بەهێزبوونەوەی خەباتی سیاسیی ئەو بەشەی کوردستان و لە ئەگەری ڕووداوی گەورەی سیاسیدا، کورد دەتوانێت بە باشی بە دەسکەوتەکانی خۆی بگات.

پەیوەندییە بەهێز و توندوتۆڵەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  پێکەوە  و دیزانکردنی شێوەکانی خەبات بە دژی حکوومەتی ئاخوندیی ئێران، بەدڵنیاییەوە هیوای بە گەلی کورد بەخشی و سەرەڕای جیاوازیی بیرکردنەوە و ڕوانینی سیاسی لە هەمبەر کۆی ڕووداوەکاندا، ئەمڕۆ هێزە کاریگەرەکان بە یەکەوە کار دەکەن و پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خاوەنی پێگە و نفووزێکی بەربڵاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، میحوەری مەیدانی تیکۆشانی سیاسی بە تەنیا لە ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستان بەرتەسک نەبووەتەوە و چوارچێوەی خەباتی سیاسی حیزب بەگشتی کوردستانییە و هەر ئەو تایبەتمەندییەش لە هێزەکانی دیکەی بەتەواوی  جیا دەکاتەوە.

یەکیەتیی سیاسی و نەتەوەیی کە لە نێوان هێزەکان و خەڵکدا پێک هاتووە، ئەگەر بێت و بە باشترین شێوەی خۆی، ڕێک بخرێت و گەڵاڵەیەکی سیاسی و نەتەوەیی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بکەن، بێگومان دەتوانێت زامنی پاراستن و دابینکردنی مافی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد بکات لە پاشە ڕۆژدا.

زۆر سروشتییە کە هەموومان وەک یەک بیر نەکەینەوە و لە تەشکیلاتێکی یەکگرتوودا نەبین، بەڵکوو زۆر ڕێگای شیاوی ئەوتۆ هەن کە بە یەکەوەمان کۆ دەکاتەوە .

یەکێک لە دیارترین ڕێگاکان، ڕزگاری و چەسپاندنی مافی سیاسییە بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

بەڵام هەر لەو پەیوەندییەدا ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە گشتی و نەتەوەییەکان، بە یەکێک لە ئەرکە گرینگ و مێژووییەکان دەژمێردرێت و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باوەڕێکی نەگۆڕی بە شێوەکانی هاوخەباتی بە دژی حکوومەتی ئاخوندی هەیە و هەر بۆیەش بووەتە میحوەری کۆکردنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات.

 هێزەکانی کوردستان و تاکی کۆمەڵگای کودستان لازمە زۆر ژیرانە لەسەر هەست بن  سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە لەناکاوە سیاسی و ناوچەییەکان کە ئەگەری ڕوودانیان زۆر نزیکە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران، بێگومان لە مەودای تێکۆشانیدا، زیاتر خۆی ڕێک دەخات و کۆدەنگی بەرچاوتر لە مەیدانی تێکۆشاندا بەرهەم دێنێت و لە ئێستا و داهاتوودا خێر بە جووڵانەوەی سیاسیی کورد دەگەیەنێت.

ئەو ناوەندە بووەتە تریبوونێکی هاوبەش کە هەموو لایەک سەڕەڕای جیاوازیی ڕوانین و بیرکردنەوەی، بەڵام جێگایەک بۆ دەربڕینی خاڵە هاوبەشەکان هەیە، ئەویش خەبات بە دژی ڕێژیمی ئاخوندی و تێکۆشان لە پێناوی ڕزگاریی سیاسیی نەتەوەییدا.

ئەو ناوەندە بووەتە میمبەری کۆدەنگییەکی نەتەوەیی و سەبارەت بە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، وەک ناوەندێکی سیاسی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بیروڕا و ڕوانینی جەوهەرییانەی خۆی دەخاتە ڕوو و سیاسەتی لە هەمبەر ئێراندا، کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسیی وڵات دەبێت.

ڕەنگە زۆر کەس وا بیر بکەنەوە کە ئەو ناوەندە کاریگەریی ئەوتۆی نییە و ناکرێت پشتی پێ ببەسترێت.

دیارە ئەو لێکدانەوەیە بەتەواوی لەگەڵ بۆچوونی هەوڵدان بۆ لێک نزیک کردنەوە و کۆکردنەوەی هێزە سیاسییەکان لە دەوری یەک دژایەتی هەیە و بێ مەیلی نواندنە سەبارەت بە پێکەوە هاوکاری و کارکردن لە مەیدانی خەباتی سیاسی و نەتەوەییدا.

بە خۆشییەوە ڕێژیمی دژی ئازادی و مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران بە دژوارترین قۆناغی پڕلە داماوی و تەریککەوتنەوەی خۆیدا، هەنگاو بە نێو شەپۆلە مەترسیدارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەهاویژێت و زۆر نابات، نووقمی قەیران و گوشارەکان دەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.