کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی ٥٥مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی چەپی کوردستان ـ سووریەی کرد

13:42 - 25 خاکەلێوه 2721

دەزگای پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ٥٥مین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی چەپی کوردستان ـ سووریەی کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز: کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی چەپی کوردستان ـ سووریه

وێڕای سڵاوێکی برایانە

پەیامەکەتان لە پێوەندی لەگەڵ یادی ٥٥مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبە تێکۆشەرەکەتان پێمان گەیشت، بەو بۆنە مێژووییەوە بە ناوی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی، ئەندامان و جەماوەری حیزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین و هیوادارین لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلەکەماندا سەرکەوتووبن.

بەڕێزان!

پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبە خەباتگێڕەکەتان و ڕێبەرە

تێکۆشەرەکەتان مێژوویەکی دێرینی هەیە و ئێمە بە بایەخەوە دەڕوانینە ئەم پێوەندی و هاوکارییە نەتەوەییە و خەباتی ئێوە لە ڕۆژئاوای کوردستان شانبەشانی حیزبە سیاسییەکانی دیکەی کورد و هیوادارین بتوانن بە یەکیەتی و یەکگرتوویی و خەباتی بێ وچانتان، مافەکانی گەلەکەمان دابین بکەن.

هەڤاڵانی بەڕێز:

سیاسەتی نێونەتەوەیی و ململانێی زلهێزەکان لە سووریە و دەستکەوتەکانی کورد لە شەڕی دژی تێرۆریزم (داعش) و بەرخۆدانی شەڕڤانانی کوڕ و کچی ڕۆژئاوای کوردستان هەلێکی مێژوویی و زێڕینی بۆ پێک هێناون وبە کردەوە ئێستا گەلی کورد و خەباتە ڕەواکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە ڕاستییەک کە کەس ناتوانێ حاشای لێ بکا و ئێمەش بە گەشبینییەوە چاو لە ڕەوتی ڕووداوەکان دەکەین. هیوادارین حیزبە تێکۆشەرەکەتان بەو خوێندنەوە سیاسییەوە بەرنامە و ئەرکەکانی دیاری بکا و ڕۆڵی مێژوویی خۆی لەم هەلومەرجە هەستیارەدا بگێرێ.

لە کۆتاییدا جەرێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ئاواتی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

پیرۆزبێ ٥٥مین سالڤەگەڕی حیزبە تێکۆشەرەکەتان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان

محەممەد نەزیف قادری