حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و بۆ جارێكی دیكە لەسەر پێویستیی پتەوكردنی پەیوەندی دوو لایەنە جەختی کردەوە.
دەقی پەیامە بەم چەشنەیە:
بەڕێز: دەزگای پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.
سڵاوێكی گەرم..
لە ١٥ ی ئابی ٢٠٢٠دا، حیزبە تێكۆشەرەكەتان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، وەک حیزبێكی دێرین لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە بێ پسانەوە تا ئێستا لە كۆڕی تێكۆشاندایە. پێ دەنێتە ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی، بەشكۆوە یوبیلی ئەڵماسی یاد دەكاتەوە. لەو بۆنە مێژووییەدا، بە ناوی مەكتەبی سیاسیئ حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان پێشكەش دەكەین و ئومێدەوارین یوبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموكرات هاندەر بێ بۆ یەكڕیزی و گەشەپێدانی خەبات لەپێناو وەدیهێنانی خواست و مافەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران.
حیزبی دێموكرات، وەک پێویستییەكی مێژوویی، وەڵامدەرەوەی خواستەكانی خەڵكی كوردستان هاتە كایەوە و هەر لەمێژووی دامەزراندنیەوە، حیزبێكی كاریگەربوو، لە زۆر بواردا ڕچەشكێن بوو، یەكەمین كۆماری دێموكراتی كوردستانی ئاوا كرد، لەپەرەپێدانی هۆشیاری سیاسی و ڕێكخراوەیدا، لە پێشخستنی ڕۆژنامەگەری كوردیدا، پێشەنگ بووە. ئێستاش وەک حیزبێكی خاوەن ئەزموون، خاوەن تایبەتمەندی لەمەیدانی سیاسی دایە.
لەكاتێكدا، كە بەڕێزەوە یوبیلی ئەڵماسیی حیزبی دیموكرات یاد دەكرێتەوە، كوردستان و ناوچە پێی ناوەتە قۆناخێكی دژوار و ناهەموارەوە، هەڵكشانی ململانێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەلایەک و پەرەسەندنی سیاسەتی فراوانخوازی هێزە ئیقلیمیەكان لە لایەكی تر ئارامی و ئاسایشی ناوچەیان خستۆتە بەردەم ئەگەری نادیارەوە. بۆیە لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی دەرگا بەڕووی ناكۆكیەكان دابخەن، لەكێشە و ئاریشە لاوەكی و ناوەكییەكان دوور بكەونەوە لا لە ئەركی هاوبەش و پرسی بنچینەیی بكەنەوە.
هەر لەو پێوەندەدا، جارێكی دیكە جەخت لە پێویستی پتەوكردنی پەیوەندی لە نێوان حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەكەینەوە.
لە یوبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دا، سڵاو لە گیانی پاک و بێگەردی پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆكی یەكەمین كۆماری دێموكراتی كوردستان و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان.
مەكتەبی سیاسی
حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان