کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی شیوعی کوردستان دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد

12:45 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: حیزبی شیوعی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هێرشی مووشەکیی ئەو ڕێژیمەی بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

سەروەری بۆ شەھیدانی دەستدرێژی بە سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات


پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دێموکراتی کوردستان لە نزیک شاری کۆیە، کە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورن، کەوتنە بەر هێرشی مووشەکی و هەوایی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە دوای ئەو هێرشەش، فڕۆکەی بێفرۆکەوان بە ئاسمانی کۆیەدا خولاوەتەوە.

جێگەی داخە لە ئاکامی ئەم ھێرشەدا ژمارەیەک لە تێکۆشەران شەهید و بریندار بوون. شایانی باسە ئەمە چەندین جارە کە خاکی کوردستانی باشوور دووچاری تۆپباران و بۆردوومانکردن لە لایەن ئێران و تورکیەوە بووە و لە ئاکامیشدا کەسانی تێکۆشەری پارچەکانی دیکەی کوردستان و کەسانی سڤیل شەھید و برینداربوون.

حزبمان تێکڕای ئەم دەستدرێژیانە تاوانباردەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی کوردستان دەزانێ، داوا لە حکوومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم و ڕای گشتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە دەستبەجێ کار بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانەی ئێران و تورکیه بکەن.