کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی ڕزگاریی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد

18:12 - 20 گەلاوێژ 2720

حیزبی ڕزگاریی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٥ــەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز! کاک مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێزان! ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سڵاوی ڕزگاری و سەرخۆبوونتان لێبێ

لە پێوەند بە حەفتا و پێنجەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەختەوەرین بە ناوی خۆمان و لە سەر ناوی هەڤاڵانمان لە سەرکردایەتی حیزبی ڕزگاریی کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز بکەین و لە ڕێی ئێوەی ڕێزداریشەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر، پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و دەخوازین کە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبە خەباتگێڕەکەتان وەک هەمیشە پێداگری لە سەر بنەماکانی بەرگری و بەرخۆدان بکاتەوە و کاریگەری لە سەر تێکڕای تێکۆشانی ڕزگاریخوازنەی گەلی کوردستان دابنێ.

هەڤاڵانی ڕێزدار! حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەک هەر ڕێکخراوێکی سیاسیی کارا و فێرگەیەکی کوردستانیبوون بووە، بەڵکو بە درێژایی تەمەنی خۆی، هەمیشە ڕێبەرو ڕێنیشاندەری شێوازەکانی خەبات و بەرخۆدان بووە، بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی گەلی کوردستان بێ پسانەوە قوربانیی داوە، بەو هۆیەشەوە مێژووی بزاڤی ڕزگایخوازی گەلی کوردستانی دەوڵەمەند و واتادار کردووە، چونکە هەر لە دەستپێکی کارەکانیدا تاریکی شەوە زەنگی ڕاونا و هیواو ئومێدی بۆ گەل گەڕاندەوە، کۆماری کوردستانی دامەزراند و خواستی ڕاستینی گەلی کوردستانی بە هەموو جیهان گەیاند؛ ئەگەرچی ئەوێ ڕۆژێ گەلەکۆمەکێ لە کورد کرا و تەمەنی کۆمار کورت بوو، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە سێدارە دران، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر زوو هەڵسایەوە، دیسانەوە نەیهێشت باڵی بێهیوایی درێژە بکێشێ، بۆ ئەو مەبەستە بزووتنەوەی چەکداری ساڵەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ی هەتاوی دەستپێکرد و ڕێبەرانی وەک سلێمانی موعینی و ژمارەیەکی دیکە خوێنی خۆیان پێشکەش بە حیزب و کوردستان کرد، مخابن بەهۆی نالەباریی ڕەوشی ناوخۆی کوردستان و ناوچەکە بۆ ماوەیەک ئەو بزووتنەوەیە خامۆش کرایەوە، کەچی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە گوڕ تینێکی نوێوە هاتەوە مەیدان و ڕۆڵی بەرچاوی لە ڕاپەڕینی خەڵک بۆ ڕووخانی ڕێژێمی پاشایەتی گێڕا، مخابن ئەوجارەشیان دوژمنان لە بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەوە و دیسانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشەنگایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ئەستۆ گرت و زۆر خۆنەویستانە بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی کوردستانیان کرد و دژی ستەمکاران دەستی بە تێکۆشانی چەکداری کردەوە، لەو قۆناغەشدا هەزاران کادر و پێشمەرگە، لەڕێی ئازادیدا گیانی خۆیان پێشکەش کرد، ڕێبەرانی هەڵکەوتووی لە وێنەی دوکتور قاسملووی مەزن و دوکتور سەعیدی شەرەفکەندی و دەیان سەرکردەی دیکە بە ناڕەوا شەهید کران، وێڕای ئەو کۆستە گەورانە ش کەچی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەبات و تێکۆشان سارد نەبۆتەوە، بۆ گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ قۆناغی ڕاسانی دەستپێکردووە، ئیدی پشوو درێژی و ماندوو نەبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەک هەرلاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدانی ڕەنگینتر کردووە، بەڵکوو سەروەرییەکی گەورەیشی بۆ خۆی و بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان تۆمار کردووە.

هەڤاڵانی ڕێزدار! لە حەفتا و پێنجەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دۆست و دوژمن خۆیا بووە کە خەبات بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی گەلی کوردستان درێژەی دەبێ و حیزبەکەی پێشەوا، قاسملوو و شەرەفکەندی بۆ خۆی ڕێنیشاندەرو ڕزگاریدەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بە هێزی لە بن نەهاتووی جەماوەر پشت ئەستوورە و چاوەڕوانی یارمەتی لە دیتران ناکات.

هەربۆیە بە بۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە دەنێرین کە بە خوێنی ئاڵی خۆیان چرای تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتیان داگیرساندووە و تا ئێستاش بە گەشاوەیی ماوەتەوەو هاوڕێبازانیان پارێزگاری لێدەکەن.

لە کۆتاییدا سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوە و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەخوازین.

حیزبی ڕزگاریی کوردستان

مەکتەبی سیاسی

١٠ی ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی