کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبەکانی کوردستانی باشوور لە کەرکووک نووسینگەیان دەبێت بەڵام پێشمەرگە ناگەڕێتەوە

11:24 - 3 رەزبەر 2721

"هوشیار زێباری" یەکێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە ناگەڕێتەوە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام حیزبەکان دەتوانن نووسینگەیان لە کەرکووک هەبێت.

لە ئێستادا کە حیزبەکانی کوردستانی باشوور بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراق دەکەن "زێباری" باسی لەوە کردووە بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق حیزبەکان و بەربژێرەکان دەتوانن لە کەرکووک چالاکیی خۆیان بکەن، بەڵام هیچ بەرنامەیەک بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە نییە.

لەو پێوەندییەدا یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" باسی لەوە کرد: "ئەو ڕێککەوتنە تەنیا بواری سیاسی لەخۆوە دەگرێت و گەڕانەوەی پێشمەرگە پرسێکی دیکەیە".

ساڵی ١٣٩٦ لە وەها ڕۆژێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی بەڕێوە برد و لە هەر چوار بەشی کوردستان بەتایبەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات پشتیوانییەکی بەهێزی لەلایەن خەڵکەوە لێ کرا.

دوای ئەو ڕێفراندۆمە کەرکووک هێرشی کرایە سەر و هێزی پێشمەرگە لەو پارێزگایە و ناوچە کێشە لەسەرەکان کشایەوە.