کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیسابات و ناحیسابات

13:04 - 22 بەفرانبار 2719

نەوید کەرەمی

بەرەبەیانی هەینی رێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا تەنیا بە دوو مووشەک، توانی گەورەترین و مەترسیدارترین تێرۆریستی سەردەم لەنێو بەرێت.

ئەو عەمەڵیاتە راستەوخۆ بە فەرمانی خۆدی دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا جێبەجێ کراوە، ترامپ پاش ئەو عەمەڵیاتە وتی کە لە ڕێگای دەزگا هەواڵدەرییەکانیانەوە زانیاریی تەواویان هەبووە لەسەر جووڵە و کارەکانی سلێمانی، هەر بۆیە بە مەبەستی پێشگیری لە ڕوودانی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە بڕیاری کوشتنی تێرۆریست قاسم سلێمانیی دەرکردووە.

چەند ڕۆژ پێش لەو عەمەڵیاتە هه‌ندێ له‌ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بە فەرمان و پلانی قاسم سلێمانی دەستیان دابوویە رێکخستن و ئاراستەکردنی میلیشیاكانیان بەرەو سەفارەتی ئامریکا لە بەغدا و هەوڵی ئەوەیان دابوو کە سەفارەت داگیر بکەن و کارمەندەکان و دیپلۆماتەکانی بکوژن. لێدوانەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەریخست، کە هەڵکشان و بەردەوام بوونی هێرەشەکانی هه‌ندێ گرووپی نێو حەشدی شەعبی و ملیشیاکانی سەر بە سپای قودس بۆ سەر پایەگا و بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە خاکی عێراق، بەتایبەت کوژرانی پەیمانکارێکی ئەمریکی لە پایگای "کی ١" لە کەرکووک، کە لە ئاکامی مووشەکبارانەکانی كه‌تائیب‌ حیزبوڵڵاوه‌ ڕووی دابوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای بەو ئاکامە گەیاندبوو کە راستەوخۆ پێش بەو کردەوانە بگرێت، ئەویش لە ڕێگای لەنێوبرنی بەرپرس و سەرچاوەی سەرەکیی هەموو ئاڵۆزییەکان و گەڵەداڕێژەری هەموو کردەوە تێرۆریستییەکانی ناوچە و تەنانەت جیهان.

لە یەکەم ساتەکانی بەرەبەیانی هەینی، ٣ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی، دوو ئۆتۆمبیلی فه‌رمانده‌ی تێرۆریست و مەترسیداری ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان کە لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بەڕێ کەوتبوون، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە کرانە ئامانج و لەنێوبران.

دوو مووشەک بە بێئەوەی هیچ خەسار بە شوێنێکی دیکە بگەیەنن، یان کەسێکی سفیل جگە لە ئامانجی دیاریکراوی خۆیان بکەنە قوربانی، توانییان لە یەک چرکەدا یەکێک لە مەترسیدارترین و خوێنڕێژترین سەرانی سپای پاسدارانی ئێران کە دەستی لە زۆربەی هەرەزۆری کردەوە تێرۆریستییەکانی ناوچە و تەنانەت جیهاندا هەبووە، هەروەها جێپەنجەی لە هەموو ناکۆکی، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی وڵاتاندا دیارە، لەنێو بەرن.

ئەو کردەوەیەی ئامریکا کۆمەڵێک ئاڵۆزی و هەڕەشە و هێرشی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرانی ئامریکا و ئێران دەستیان دایە دەرکردن و نووسینی وتار و بەیاننامەی هەڕەشەئامێز و شەڕئەنگێزانە، تا ئاستێک کە هەموو جیهان مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی مەزن و خوێناوی کە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵات و تەنانەت وڵاتانی جیهانیشی دەگرتەوە، هەست پێکرد.

لە تۆڵەی ئەو هێرشەی ئامریکا و دوابەدوای هەڕەشەکانی سپای پاسداران و شەخسی خامنەیی، بەرەبەیانی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی، سپای پاسداران ١٥ مووشەکی بالستیکییان لە ئێرانەوە بەرەو پایەگای "عین الاسد" و هەولێر تەقاند.

بە سەرنجدان لە کردار و پەرچەکردارەکانی ئەو دوو پاش کوژرانی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەڕێوەچوونی عەمەڵیاتی تۆڵەی بەزەبری (انتقام سخت) سپای پاسداران بە ڕێبەریی خودی خامنەیی بە ئاشکرا جیاوازی، بەهێزی و لاوازییەکانی ئەو دوو هێزە بەرچاو کەوتن.

هێزی سیاسی و سەربازی و تکنۆلۆژی ئامریکا:

- چ پێش دەستپێکردنی عەمەڵیاتی کوشتنی تێرۆریست قاسم سلێمانی و چ دوای ئەو عەمەڵیاتە حیسابی هەموو شتێکی کردبوو و کۆنترۆڵ لەدەستیدا بوو.

- تەنیا دوو مووشەک ئاراستە کران و بەبێ ئەوەی خەسار بە هاووڵاتییان بگەیەنێت زۆر بە دیقەتەوە ئامانجەکانی خۆیانیان پێکا.

- تەنیا لە ماوەی چەند رۆژ توانییان هەلومەرجەکە ئاسایی بکەنەوە و کۆنترۆڵی ڕووداوەکان بگرنەوە دەست خۆیان.

- بە هاندانی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە هەم بەڵگەیان بۆ رەوایی عەمەڵیاتەکەی خۆیان بەدەست هێنا و هەمیش هەموو گوشارەکانیان بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانیان لە عێراق پووچەڵ کردەوە.

- تەنیا بە یەک رۆژ بۆ هەمیشە کۆتاییان بە ڕێککەوتننامەی بەرجام هێنا.

- بەڵگەی تەواویان بۆ تاوانبارکردنی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی جیهانی دژ بەو وڵاتە بەدەست هێنا.

لاوازی و سەربازی و سیاسی ئێران و هەڕەشەی مووشەکەکانی ئەو وڵاتە:

- بۆتی مۆقاومەتی ئێران زۆر بە ئاسانی لەلایەن ئامریکاوە لەنێو چوو و لاوازیی هەواڵگری ئێران بۆ هەموو لایەک ئاشکرا کرا.

- ئەو سپایەی کە تێرۆریست قاسم سلێمانی بە مەبەستی لەنێوبردنی نەزمی ناوچەکە دروستی کردووە، تەنانەت نەیانتوانی تۆڵەی فەرماندە تێرۆریستەکەی خۆشیان بکەنەوە.

- خامنەیی تەنیا بۆ رازی کردنی سپا و لایەنگرانی تێرۆریست قاسم سلێمانی کەوتە نێو داوی تۆڵەکردنەوە و بڕیاری هێرشی بۆ سەر خاکی عێراق دەرکرد.

- بە هاویشتنی مووشەکی بالستیکی لە خاکی ئێرانەوە بەرەو بنکەی سەربازیی "عین الاسد" لە عێراق، بە فەرمی و ئاشکرا سەروەریی خاکی عێراقی پێشێل کردووە کە دەبێ وەڵامدەر بێت لە بەرانبەر دەوڵەتی عێراق و ڕێکخراوی نێونەتەوەیی.

- کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی موسافربەری بۆئینگی ئۆکراینی و کوژرانی ١٧٦ سەرنشینەکەی هاوکات بوونی لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر خاکی عێراق، بە پشتبەستن بە بەڵگەکان کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو فڕۆکەیە بە مووشەک لەلایەن پەدافەندی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام بینیمان ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ شاردنەوە و حاشا کردن لە تراژدیا ئینسانییە کە خولقاندبووی.

- ئەو مووشەکانەی کە ڕێژیم وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەپاندنی ئامانجەکانی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێت، دەرکەوت کە لە بەرانبەری هێزی ئامریکاوە هیچیان پێ ناکرێت.

- نەپێکانی ئامانجی مووشەکەکان و ئامادەگی ئامریکییەکان بۆ ئەو هێرشە شکستێکی دیکەیە کە نەک تەنیا ئەو عەمەڵیاتە بۆ ڕێژیم هیچ سەرکەوتنێکی بەدواوە نەبوو، بەڵکوو خۆی لەخۆیدا شکستێکی تەواویشە بۆ ڕیژیم.

- هێرشی راستەوخۆی مووشەکیی سپای پاسداران بەرەو عێراق ئەمجارە ئەو وڵاتە بەرەوڕووی دۆخیکی نالەباری جیهانی دەکاتەوە.

لە ئاکامدا ئەو عەمەڵیاتە کە لە تۆڵەی قاسم سلێمانی لەلایەن سپای پاسداران و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەیی بەڕێوە چوو، بووەتە هۆی ئاشکرابوونی لاوازیی ئەو مووشەکانەی کە بە بەهێزترین چەکی ڕێژیم بەئەژمار دێن و لە لایەکی دیکەشەوە پلانی گوشارهێنان و زەربەدان لە هێزەکانی ئامریکا و ناچارکردنی ئامریکا بە چۆڵکردنی عێراق و هەموو ناوچەکە، کە دوا پلانی تێرۆریست قاسم سلێمانی بووە، وەها تەوەهۆمێکی دروست کردبوو کە سەرانی سپای پاسداران و خامنەیی ئاگایان لەو داوە نەبووە کە سەرۆکی ئامریکا و موشاورەکانی بۆیانیان دانابوو، هەر بۆیە خامنەیی بە خۆی و سپا تێرۆریستەکەیەوە کەوتە داوەوە و هاتنەدەروەی زۆر ئەستەم دەبێت و بۆ ڕێژیم باجێکی قورسی دەبێت.

ئێستا تەنیا دوو بژاردە لەبەردەم خامنەیی ماونەتەوە، یەکەمیان چوونەسەر مێزی وتووێژ و ملدان بە یاسای جیهانی و کشانەوە و وازهێنانی لە وڵاتانی ناوچە و دەسبەرداربوون و کۆتایی هێنان بە دنەدان و پاڵپشتی کردنی تێرۆرە، یان چوونە نێو شەڕێکەوە کە بەو دیقەت و تێکنۆلۆژی و بێسەروبەرەییەی کە کۆماری ئیسلامی هەیەتی ئاکامەکەی هەر لە ئێستاوە بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە.

لە راستیدا رێبەرانی ڕێژیمی تێرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نەمانی قاسم سلێمانی بۆ هەمیشە ئامانجی لەمێژینەی خۆیان، واتە پێکهێنانی ئیمپراتورییەتی شیعە، لە چاڵ دەنێن و بەرە بەرە دەبێ خۆیان بۆ ڕۆیشتن و بەجێهێشتنی ئێرانیش ئامادە بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.