کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی" دژی "ڕەزا پەهلەوی" هەڵوێستی دەربڕی

13:03 - 27 جۆزەردان 2722

''حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی'' چالاکی سیاسی و زیندانیی پێشوو لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە تویتێکدا دژی ''ڕەزا پەهلەوی'' کە خۆی وەکوو جێگرەوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پیشان دەدات، هەڵوێستی دەربڕی.

ناوبراو لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: ''دوای ئەوەیکە ڕەزا پەهلەوی بە پشتیوانیی میدیایی بی‌بی‌سی و میدیاکانی لەندەن، بانگەوازی ڕێبەریی کرد و ئیدعای ئەوەی کرد کە ئۆپۆزیسیۆن خەڵکی ئێرانن و لەشکری سایبێریی گاردی جاوید هێرشیان کردە سەر ڕەخنەگران، شورای گوزار بە سووکایەتی ڕایگەیاند کە بە شێوەی بەرابەر لەگەڵ پەهلەوی هاوکاری دەکات، وەبیر دیداری سووکایەتییانەی سەنجابی لەگەڵ خومەینی کەوتم".

لە ئێستادا کە ڕێژیمی ئێران هیچ جێگە و پێگەیەکی لەنێو خەڵکی ئێراندا نەماوە و ژیانی خەڵکی بەرەو وێرانی بەردووە و بەهۆیەوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرە دەگرێت، ڕەزا پەهلەوی بە پشتیوانیی میدیای فارسی زمانەکان لە دەرەوە وەکوو ئاڵتێرناتیڤ خۆی دەناسێنێت و لە هەوڵدایە دەسەڵاتی داهاتووی ئێران بگرێتە دەست.

هەر بۆیە زۆرێک لە ڕێکخراو، حیزب، لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتی و چالاکانی سیاسی یەک بە دوای یەک، دژی "ڕەزا پەهلەوی" کە دیهەوێت سیستمی شکستخواردووی پاشایەتی لە ئێران دامەزرێنێتەوە، دژایەتیی توندی خۆیان دەربڕیوە.