کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"حەبیب ئەسیوەد" لە باڵوێزخانەی ئێران لە تورکیە لێپرسینەوەی لێکراوە

12:49 - 22 خەزەڵوەر 2720

"حەبیب ئەسیوەد" چالاکی عەرەب و سکرتێری حیزبی "حرکه النضال التحریر الاحواز" کە لە فڕۆکەخانەی ئیستامبووڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە تورکیە ڕفێندرابوو لە باڵوێزخانەی ئێران لە تورکیە لێپرسینەوەی لێکراوە.

"عەدنان ئەبووسەیف" ئەندامی هەیئەتی سەرۆکایەتیی "حرکه النضال التحریر الاحواز" لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" باسی لەوە کرد: "ئێمە ئاگادارین کە بەڕێز حەبیب ئەسیوەد لە باڵوێزخانەی ئێران لە تورکیە لێپرسینەوەی لێکراوە و ئەوەش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، حیزبی "حرکه النضال التحریر الاحواز" دەوڵەتی سوئیدی لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە کە بەڕێز ئەسیوەد لە باڵوێزخانەی ئێران لە تورکیە لێپرسینەوەی لێکراوە و بە زۆرەملێ دانپێدانانی پێکراوە.

بەپێی قسەکانی ناوبراو دەوڵەتی "قەتەر" دەستی لە دەسبەسەرکرانی "ئەسیوە"دا هەبووە.

پێشتریش "ئەبووسەیف" لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" باسی لەوە کردبوو: "حەبیب ئەسیوەد لەلایەن ئێرانەوە ڕفێندراوە بەڵام نەگەیشتووەتەوە ئێران".

هەر لەو پێوەندییەدا "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، شورای دێموکراسیخوازانی ئێران و هاوپێوەندی بۆ بەرابەری و ئازادی لە ئێران، ڕێژیمی ئێرانیان بە تاوانی ڕفاندنی مرۆڤەکان مەحکووم کرد و داوایان کردبوو "حەبیب ئەسیوەد" ئازاد بکرێت.