کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسێبی ئاغازادەکان لە پاشەکەوتی ئەرزیی ئێران زۆرترە

12:44 - 15 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە پاشکەوتی حەسێبی ئاغازادەکان، لە پاشەکەوتی ئەرزیی ئێران لە دەرەوە زۆرترە.

مەحموود بەهمەنی، ئەندامی کومیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژیک لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمدا، باسی لەوە کردووە، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، داهاتی ئەرزی لە هەناردەکردن، نەگەڕاوەتەوە بۆ ئێران و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی ئابووریی لە ئێراندا نەبوونی سامانە نەختییەکان لە وڵاتە.

بەهمەنی لە باسەکانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بێبەرنامەییی دەوڵەت لە بازاڕی ئەرز و سکە، لە هۆکاری کێشە ئابوورییەکانە و دەوڵەت بە بەردەوامیی ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی کە سکەی زۆریان کڕیوە، دەسبەسەر دەکرێن یان داهاتانەیان لێ وەردەگیردرێت، بەڵام بە کردەیی دەوڵەت هیچ کارێکی لەم بوارەدا نەکردووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە بەشی هەناردەکردن لە ئێراندا، ئەرزی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردن، نەگەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ١٤٨ میلیارد دۆلار لە حەسێبی ئاغازادەکان لە دەرەوەی ئێرانە، لە حاڵێکدا کە پاشکەوتی ئەرزی ئێران لەوە زۆر کەمترە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە ٥ هەزار ئاغازادە لە دەرەوەی ئێرانن، کە تەنیا ٣٠٠ کەسیان بۆ خوێندن ڕۆیشتوون، دەبێ دیاری بکرێت کە ئەوان لە دەرەوەی وڵات چی دەکەن.

بەرپرسان و ئاغازادەکانی ڕێژیم، دەستیان بەسەر هەناردەکردن و هاوردەکردن گرتووە و بەگشتی بازەرگانیی ئێران لە ژێردەستی بەرپرسانی ڕێژیمە و ئاغازادەکان داهاتی دەسکەوتوو لە کارە بازەرگانییەکان لە حەسێبە بانکییەکان خۆیان ڕادەگرن و داهاتە ئەرزییەکان لە نێوخۆی ئێران، بۆ حەسێبە بانکییەکانیان لە دەرەوەی ئێران دەنێرن.