کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن رووحانی پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد دەکات

22:24 - 13 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: حەسەن رووحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران رایگەیاند، سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران لە بەرانبەر رێژیمی سووریە ناگۆڕدرێت و پشتیوانیی رێژیمی ئێرانی، بۆ هەتاهەتایە لەو رێژیمە دووپات کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، محەممەدجەهاد ئەللحام، سەرۆکی مەجلیسی رێژیمی سووریە لە سەفەری خۆی بۆ ئێران، دڵنیایی پەیدا کرد کە رێژیمی ئێران پشتیوانیی لە نیزامی بەشار ئەسەد دەکات و حەسەن رۆحانیش سەرکۆماری رێژیمی ئێران دووپاتی کردەوە کە هەتاهەتایە پشتیوانی لەو رێژیمە دەکات.

حەسەن رووحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەللحام رایگەیاند، سیاسەتەکانی چوار ساڵی رابردووی نیزامی ئەسەد لە بەرانبەر دژبەرانی بە خۆڕاگری لە بەرانبەر بە دوژمنانی سووریە کە لەسەر ئەو باوەڕەبوون کە لە ماوەی چەند مانگدا بە سەر دەمیشقدا زاڵ دەبن، وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا،رووحانی بە ئاماژە بە پشتیوانی ئێران لە نیزامی سووریە لە ساڵەکانی رابردوودا وتی: دەوڵەتی ئێران هەتا کۆتایی شەڕ، پشتیوانی لە دەوڵەتی سووریە دەکات.

ناڕەزایەتییەکانی سووریە لە مانگەکانی یەکەمدا بە شێوەی رێپێوانی گشتی بوو، بەڵام هەڵسوکەوتی نیزامی لەگەڵ خۆپیشاندەران بە ناڕەزایەتی چەکداری و لە ئاکامدا بە شەڕی ناوخۆیی لە سووریە کێشرا.

پشتیوانییەکانی رێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە لە رۆژانی رابردوودا، راپۆرتەکان باسی لە کوشتنی دەیان کەس لە هاووڵاتییانی سڤیلی سووریە دەکەن کە لە هێرشی هێزەکانی رێژیمی ئەسەد بە بۆمبی بۆشکەیی کوژراون.