کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: حەرەکەتی خەڵک بە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم دانامركێتەوە و ناڕەزایەتییەکان درێژەیان دەبێ

12:06 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا باسی لەوە کرد کە دەسپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان نیشان دەدەن کە حەرەکەتی خەڵک پاش کوشتن و دەسبەسەرکردنی ناڕازییان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەردا دانامرکێتەوە و ئاگری ڕق و قینی خەڵک بەردەوامە.

دوابەدوای ئەوەیکە ڕیژیمی ئێران و ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە و شاردنەوەی ڕاستییەکان ڕایانگەیاند کە فڕۆکەکە بەهۆی مووشەکەکانی خۆیانەوە تووشی ئەو ڕووداوە بووە، خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا هاتنە سەر شەقام و بۆ جارێکی دیکە دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە ڕیژیمی ئێران بەرز کردەوە.

"حەسن شەرەفی"، وتەبێژی حیزبی دێموکرات و جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وتووێژێکدا لەگەڵ تیشک تی ڤی، وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پاکانەکردن لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە مووشەک و ڕوونبوونەوەی هۆکاری ڕووداوەکە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە دانپێدانانی ڕێژیمی ئێرانی بەدواوە بوو، باسی لە سەرهەڵدانەکانی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژی ڕابردوودا کردەوە.

"شەرەفی" لەم لێدوانەدا وێڕای مەحکوومکردنی ئەو جینایەتە دەرحەق بە سەرنشینەکانی ئەو فڕۆکەیە، هاوسۆزیی حیزبی دێموکراتی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان دەربڕی و باسی لەوە کرد کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا وێڕای ڕوودانی کۆمەڵێک ڕووداوی دڵتەزین کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی بێتاوان، ئامادە نەبوون هیچ هەڵوێستێکی شیاو و دڵخۆشکەر بگرن و تەنانەت هاوسۆزییەک لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان بکەن.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە کۆتاییدا هیوای ئەوەی خواست کە سەرهەڵدانەکانی ئەم جارەی خەڵک بەردوام بن و ڕێژیمی ئێران وەکوو دانپێدانان بەم کارەساتەدا، دان بە هەموو جینایەتەکانی دیکەی خۆیدا بنێت.