کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕوحانی دانی بەوەدا ناوە کە گوشارەکانی ئەمریکا کاریگەریی لە سەر ئێران هەبووە

10:32 - 11 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاتی سەردانی گۆڕی خومەینیدا، دانی بەوەدا نا کە گوشارەکانی ئەمریکا کاریگەرییان لە سەر ڕێژیم هەبووە و ڕایگەیاند کە کێشە و گرفتەکانی ئێمە بە هۆی ئەو گوشارانەوەیە.

ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی ڕێبەندان، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی ڕێژیم وەکوو نەریتی ساڵانەی ئەو ڕێژیمە، سەردانی گۆڕی خومەینی، ڕێبەری ڕێژیمیان کرد و بەم بۆنەوە وتارێکی لە سەر کێشە ناوخۆییەکانی دەسەڵات و سەرجەم کێشە و گرفتەکانی ڕێژیم باس کرد کە لە نێوئاخنی قسەکانیدا دانی بەوەدا نا کە گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاریگەریی لە سەر ڕێژیمی ئێران هەبووە.

سەرکۆماری ڕێژیم لە بەشێکی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە ڕێژیم لەگەڵ گەورەترین گوشارە ئابوورییەکان ڕووبەڕوو بووەتەوە، ڕایگەیاند؛ لە ئەمڕۆدا هەموو کێشەکانی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ گوشار و دەست و پێوەندییەکانی ئامریکا، نابێت ئێمە بە جێگای ئیدانەکردنی ئەمریکا، کەسێکی دەوڵەتی خزمەتکار یان نیزامی گەورەی ئیسلامی سەرزەنشت بکەین، ئەوە دەتوانێت گەورەترین زیان بێت کە کەسێک ڕاستییەکانی وڵات هەست پێ نەکات.

حەسەن ڕوحانی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وەکوو پیشەی هەمیشەیی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی بەستەوە بە ئەمریکا و وتی: "دواهەمین شەڕی ئەمریکا لەگەڵ خەڵکی ئێران لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستی پێکرد، ئەمریکا لە شەڕی سیاسی و یاسایی، شەڕی نێونەتەوەیی و ناوچەیی و تەنانەت لە شەڕی ڕەوانی لە ناوخۆی ئێراندا، دۆڕاوە".

دانپێدانانی ڕوحانی لە کاتێکدایە کە پێشتر هەم خۆی و هەمیش هاوبیرەکانی گاڵتەیان بە کاریگەریی گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ڕێژیمی ئێران دەکرد و وەک چەند پارچە کاغەزی بێ‌کەڵک ناویان لێ دەبرد.