کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"حەسەن ڕووحانی" دۆخی قەیراناویی ئێرانی بە "باش" وەسف کردووە

19:02 - 10 خاکەلێوه 2720

ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و قوربانییانی ئەم نەخۆشییە زیاتر هەڵکشاوە، بەڵام سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران پلەی ئەو وڵاتەی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنای بەنیسبەت وڵاتانی دیکە بە "باش" زانیوە.

''حەسەن ڕووحانی''، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خاکەلێوە، لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەت وتوویەتی، وەزیری تەندروستی، ئێرانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە لەگەڵ ئەم نەخۆشییە بەرەڕوون هەڵسەنگاندووە و پلەی ئێران بەنیسبەت ئەو وڵاتانەوە پلەیەکی باش بووە.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا لەسەر باشبوونی ئەم دۆخە قسە دەکات کە ڕۆژی ڕابردوو ''کیانووش جەهان پوور'' وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم وتبووی کە ئێران لەگەڵ کەمیی تەخت بۆ بەشی چاوەدێریی تایبەت و کەرستەی وەکوو ئامێری هەناسەی دەستکرد بەرەوڕوویە و لە دامەزراوە بەیانییەکان داوای یارمەتیی کردبوو.

ئەو قسانەی ''حەسەن ڕووحانی'' لە بابەت دابەزینی ڕێژەی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم، ڕێژەی قوربانییان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

هەروەها قسەکانی ''ڕووحانی'' لە کاتێکدایە کە زۆربەی وڵاتان، دەستپێکی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانەیان ڕاگەیاندووە.

پیشتریش زۆرێک لە بەرپرسانی پزیشکیی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە قەیرانی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا ئەگەری هەیە هەتا مانگی جۆزەردان درێژەی هەبێت و زۆرترین خەساری لێ بکەوێتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی خودی ڕێژیم، هەتا ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ٣٨هەزار و ٣٠٩ کەسی توشبوو بەم نەخۆشییە ڕاگەیەندراوە و ٢ هەزار و ٦٤٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.