
کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، "حەسەن ڕووحانی"، لە کۆبوونەوەی هەیئەتی مەجلیسی ڕێژیمدا ڕایگەیاند کە دۆخی وڵات زۆر باشە.
سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە چەواشەکارییەکی تردا، لە کۆبوونەوەی هەیئەتی مەجلیسی ڕێژیمدا وتی: "لە ئێستادا دۆخی گشتیی وڵات بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ناحەزان و بڵاوکردنەوەی دەنگۆکان، زۆر باشە و دۆخی ئابووریی وڵاتیش بە لایەکی گونجاودا دەڕوات."
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "میلەتی ئێران بزانن کە گوشاری ئامریکا دژی وڵاتەکەمان گەیشتووەتە لووتکە و ڕوو بە کۆتاییە و لەمە بەدواوە ئەم تەحریم و گوشارانە زەرفییەتی خۆی لەدەست داوە و خاڵی دەبێتەوە."
ئەم چەواشەکارییانەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە دۆخی ئابووریی وڵات داڕماوە و نیوەی زۆری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و بێکاری و هەزاران قەیرانی تر لە کۆنترۆڵدا نەماون.
هەروەها بێکاری و گرانی کە دوو بەرهەمی ڕێژیمی ئێرانن، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبنەوە و هەر بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم، بێکاری نزیکەی ٢٦ لەسەدە، کە بەدڵنیاییەوە ئەم ئامارە جێی متمانە نییە و بێکاری زۆر بەرزتر لەوەیە.
هەر لەم پەیوەندییەدا، گرانبوونی بەهای خواردەمەنییەکان و بەتایبەت میوە لە بازاڕەکاندا بەپێی بەهای شتومەکەکانی تر زۆرتر ڕووی لە هەڵکشان کردووە و گوشاری گرانییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی ئەو وڵاتە توانای کڕینی شتومەک و خواردەمەنییەکانیان زۆر کەمتر بووەتەوە.
"حەسەن ڕووحانی" لە حاڵێکدا دەڵێت دۆخی وڵات زۆر باشە کە ئێران لە خەمۆکترین وڵاتانی جیهانە و خەڵکەکەی لە خەمبارترین خەڵکەکانی دونیایە.