کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"حەسەن ڕووحانی" هاتنە سەر کاری ''بایدنـ''ـی بە گەشەی ئابووریی ئێرانەوە گرێ داوە

12:58 - 5 بەفرانبار 2720

''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی بەفرانبار لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێنج گەڵالەی پێترۆشیمی باسی لەوە کرد کە شەڕی ئابووری کۆتایی پێهاتووە. قسەی ناوبراو ئاماژە بەوە بووە کە ''جۆ بایدن'' دێتە سەر کار و دۆخەکە دەگۆڕدرێت.

''ڕووحانی'' لە حاڵێکدا باس لە گەڵاڵەی گەورە لە پیشەی نەوت، دوو بەرابەر بوونی بایەخی پیشەی پێترۆشیمی و هەناردەکردنی بەرهەمی نەوتی دەکات که بەهۆی گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان و سیاسەتی گوشاری لانیزۆریی ئامریکا شیرکەتە نەوتییەکان ئامادە نین لە ئێران سەرمایەگوزاری بکەن، هەروەها فرۆشی نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهان لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٨٠ لەسەد دابەزیوە.

'حەسەن ڕووحانی'' لە قسەکانی خۆیدا بۆ جارێکی دیکە دەریخست کە هیوایەکی زۆری بە هاتنە سەر کاری ''جۆ بایدن'' و لابردنی گەمارۆکان هەیە.

لە حاڵێکدا زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دڵیان بەوە خۆش کردووە کە بە هاتنە سەر کاری ''بایدن'' گوشارەکان لەسەر ئێران نامێنن و ڕێژیمی ئێران لەو دۆخە ڕزگاری دەبێت، بەڵام کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن بە هاتنە سەر کاری ''بایدن'' ئەو جۆرەی کە بەرپرسانی ئێران بیر دەکەنەوە دۆخەکە بە قازانجی ئێران ناگۆڕدرێت.