کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانی: ئازادترین زانکۆوەکان دنیا لە ئێراندان

11:07 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم سەرەڕای داخراویی کەشی زانکۆوەکانی ئەو وڵاتە، ئیدعای ئەوە دەکەن کە کراوەترین زانکۆوەکانی دنیا لە ئێراندان.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز، دوو ڕۆژ پێش ڕۆژی خوێندکار، لە کۆبوونەوە لەگەڵ خوێندکارانی پارێزگای سمنان وتوویەتی: پێم وانەبێت وڵاتێک وەکوو ئێران هەبێت کە خوێندکارانی زۆر بە ڕاشکاوی و ئازادانە بیر و بۆچوونی خۆیان دەر ببڕن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە بەپێی ئامارەکان، ساڵی ڕابردوو، لە ئێراندا، ١٢٠٠ بەرنامە بە بۆنەی ڕۆژی خوێندکارەوە بەڕێوە چووە، کە لەم بۆنانە خوێندکاران ڕاشکاوانە بۆچوونی خۆیان دەر بڕیوە.

لە حاڵێکدا ڕۆحانی باس لە ئازادبوونی زانکۆوەکانی ئێران دەکات، کە چالاکانی خوێندکاریی دەڵێن: ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی ڕەخنەگر لەگەڵ دەرئەنجامی قەزایی و ئەمنییەتی بەرەوڕوون.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ئەمساڵدا کۆمەڵێکی زۆر لە چالاکانی خوێندکاریی ڕێگە بە خوێندنیان نەدراوە. ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیم لە زانکۆوەکاندا هۆکارەکە بۆ کەموکۆڕیی لە دۆسییەی ئەم خوێندکارانە دەگەڕێننەوە، بەڵام زۆر کەس لەسەر ئەو باوەڕن، کە درێژەی ئەم ڕەوتە پێوەندی بە باسی "خوێندکارانی ئەستێرەدار"ەوە هەیە و ڕێگریی لە خوێندنی ئەم خوێندکارانە هۆکاری سیاسی هەیە.

قسەکانی ڕۆحانی لە حاڵێکدایە، کە بەپێی بڕیاری شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم، کەسانێک دەتوانن لە زانکۆوەکانی ئێران بخوێنن، کە جیا لە مەرجی زانستی دەبێت مەرجە مەزهەبی، سیاسی و ئێخلاقییەکانیشیان هەبێت، کە مەزهەب، سیاسەت و ئێخلاق لە ڕوانگەی ئەو ڕێژیمە گوێڕاڵبوون لە بەرانبەر ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیم و وەلایەتی فەقیهـیە.