کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانی: دژی ئامریکا ڕادەوستین و شکستی دەدەین

16:59 - 28 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: "ڕۆحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەردانی خۆیدا بۆ پارێزگای ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەسەر دوژمنایەتی لەگەڵ ئامریکا جەختی کردەوە و وتی: "ئامریکا شکست دەدەین".

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ پارێزگای ورمێ سەفەری کرد و لە شاری خۆی لە نێو خەڵکدا قسەی کرد که لەسەر دوژمنایەتی و بەربەرەکانێ لەگەڵ ئامریکا جەختی کردووە.

ڕۆحانی لە لێداونێکدا لەنێو خەڵکی شاری خۆی بە گشتی باسی لە کێشە و گرفتەکانی ڕێژیمی ئێران کرد کە لەگەڵی بەرەڕوو بووەتە و دانی بەوە دانا ڕێژیمی ئێران لەژێر گوشار دایە و لە قەیرانێکی قووڵدا ڕۆچووە.

ناوبراو باسی لەوە کرد ئەوەیکە ئامریکا شەڕی ئابووری دژی ئێمە دەست پێکردووە، دەرخەری ئەوەیە کە ئامریکا لە ناوچەدا بەردەوام شکستی خواردووە. ئێمە شەڕی ئابووریمان دەست پێ نەکردووە و بەپێی فەرهەنگی ئیسلامیش ئێمە پابەند بە بەڵێنییەکانی خۆمانین.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کرد، ئێمە بە یارمەتیی خوای گەورە نەوتی خۆمان دەفرۆشین، ناهێڵێن خەڵک لە دابینکردنی کاڵای ئەساسیدا تووشی کێشە بن. ئێمە تەسلیم نابین و بە یارمەتی خەڵک بەرهەمی زیاتر بەرهەم دێنین و ئەوەی پێویستیش بێت لە دەرەوە هاوردەی دەکەین.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم دانی بەوە دانا به هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان دۆخی ژیانی خەڵک دژوار بووە بەڵام لە هەندێک بواردا پێشکەوتنی بۆ ئێمە ئاسانتر کردووە. هاوکات لەبارەی نرخی دراو وتی کە نرخی دراو شەمشیری دوو لەبەیە کە هەم بە قازانجی هەناردەکردنە و هەمیش خەڵک دەخاتە ژێر گوشارەوە.

لێدوان و قسەکانی ڕۆحانی تەنیا دووپاتکردنەوەی قسەکانی پێشوویه و هەروەها وادە و بەڵێنییە جێبەجێ نەکراوەکانی خۆشی وەبیر خەڵکی ئێران و کوردستان هێناوەتەوە.