لە پارێزگای "کەرکووک" حەشدی شەعبی کە لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران پشتیوانی لێ دەکرێت وەک بێڕێزی سمێڵی هاووڵاتییەکی کورد دەتاشن.
ئەو هاووڵاتییە لە پێڕەوانی ئایینی "کاکەییـ"ـیه.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بێڕێزییە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەم کردەوەیە جێگەی قبووڵکردن نییە."
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە "داوا لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەکەین، دەستبەجێ، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە پێکبهێنن و تۆمەتباران دەسبەسەر بکرێن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە، بۆئەوەی هیچ کەس و لایەنێکی دیکە هەوڵنەدات ئەم جۆرە کردەوە ناشیرنانە دووبارە بکاتەوە."
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوە کردووە حەشدی شەعبی قسەی نەشیاویان بەرامبەر کورد و پێشمەرگە کردووە و ئەویش نەیتوانیوە خۆی بگرێت و بە هەمان شێوە وەڵامی داونەتەوە و دوای ئەوەی دەنگی تۆمارکراوە، ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر کراوە.
هاوکات خۆپێشاندانێکیش لە کەرکووک دژی ئەو کارەی حەشدی شەعبی ڕێکخرا و یەکێک لە کوردانی کاکەیی داوای کرد، ئەو کەسەی ئەو کارەی بەرامبەر گەنجە کاکەییەکە کردووە ڕادەست بکرێت و لە بەرامبەر ئەو کارەیدا "دەستی ببڕدرێتەوە."