لایەنگرانی حەشدی شەعبی ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی هێرشیان کردە سەر نووسینگەیەکی پارتی دێموکراتی کوردستانی لە بەغدا و ئاگریان تێبەردا. ئەو نووسینگەیە "لقی ٥ی پارتی پارتی دێموکراتی کوردستان" لە بەغدا بووە.
ئەو هێرشەی حەشدی شەعبی لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەندین کەسایەتیی سیاسیی عێراق سەرکۆنە کراوە.
"شوان محەممەد تەها"، بەرپرسی لقی ٥ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە بەغدا لەبارەی ئەو هێرشە وتوویەتی: "دوو ڕۆژ پێش پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کراوە.هەروەها هێزێکیان ناردبوو کە پێیان دەگوترێت بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی. بەڵام ئەمڕۆ بەیانی هیچ بەرپەرچدانەوەیەکیان بەرامبەر هێرشبەران و گێرەشێوێنان نەبوو، دەرگایان بۆ کردنەوە بە شێوەیەکی زۆر سووک و سانایی بەلێشاو ڕژانە ناو ئەو نووسینگەیە".
لەو هێرشەدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی ئاڵای کوردستانیان ئاگر تێبەرداوە.
پارلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە "هێزێکی لە یاسا یاخی" لە بەغدا پەلاماری بارەگای لقی ٥ی پارتی دێموکراتی کوردستانیان داوە، لەکاتی ئەو پەلامارەشدا "ئاڵای پیرۆزی کوردستان سووتێندرا" جگە لە ئیدانەکردنی ئەو کارەش داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو کارە بکرێت.
مهكتهبی سیاسی پارتی دێموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی سوتاندنی بارەگای لقی ٥ی پارتی و ئاڵای كوردستان بڵاو کردووەتەوە ڕایگەیاندووە: "داوا له حكوومهتی فیدراڵی دهكهین، له زووترین كاتدا ئیجرائاتی یاسایی بهرامبهر ئهنجامدهرانی بگرێته بهر، كه گرووپێكی ناسراون و ڕاگهیاندراویان سهبارهت به تاوانهكهیان بڵاو كردووەتهوه، ههروهها نیگهرانی و دڵگرانیی خۆشمان دهردهبڕین له كهمتهرخهمیی ئهو هێزانهی پاراستنی بارهگهكهیان پێسپێردرابوو".
"مەسعوود بارزانی" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی ٥ی پارتی لە بەغدا و سووتاندنی ئاڵای کوردستانی کردووە و وتوویەتی: "ئەو هێرشە، دواکەوتوویی و بێفەرهەنگیی ئەو تاقمە شەڕانگێزە دەردەخات".
"نێچیرڤان بارزانی"، سهرۆكی ههرێمی كوردستان له ڕاگهیهندراوێكدا، سووتاندنی بارهگای لقی ٥ی پارتی دێموكراتی كوردستان له بهغدا شهرمهزار کردووە.
"قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و سووتاندنی ئاڵای کوردستان بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەکان لە پایتەختی فێدراڵیی عێراق".
"مەسروور بارزانی" سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرش بۆ سەر لقی ٥ی پارتی لە بەغدا بڵاو کردووەتەوە و وتوویەتی: "سووتاندن و بێڕێزیکردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم".
"لاهوور شێخ جەنگی" هاوسەرۆکی "یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان" ڕایگەیاندووە "هەر گرووپ و تاقمێک ئەگەر نیگەرانن لە کەسێک یان پارتێک، ڕێگەپێدراو نین دەست بۆ پیرۆزییەکانی نەتەوەکەمان بەرن. ئاڵای کوردستان هێڵی سوورە".
دوکتور "بەشیر خەلیل حەداد" جێگری سەرۆکی پارلەمانی عێراق سەرکۆنەی سووتاندنی لقی ٥ی پارتی دێموکراتی کوردستانی کردووە.
لە نێو حەشدی شەعبیدا هەندێک گرووپ هەن کە لە ڕێژیمی ئێرانەوە فەرمان وەر دەگرن.