کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٤٠٠ لە کەمترین ئاستدایە

13:49 - 7 خاکەلێوه 2721

لە ماوەی ٤ دەیە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا حەقدەستی دیاریکراو بۆ کرێکاران لە ساڵی ١٤٠٠دا گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆی.

بەپێی بەخشنامەی وەزارەتی کار، حەقدەستی دیاریکراو لە ساڵی ١٤٠٠دا بۆ کرێکاران لانیکەمی مانگانە ٢ ملیۆن و ٦٥٢ هەزار تمەن دیاری کراوە.

ئەو ڕێژە دیاریکراوە بەنیسبەت کۆی گشتیی ساڵی ڕابردووی ٣٩ لەسەد زیادی کردووە، بەڵام بە تاوتوێکردنی ڕەوتی حەقدەستی کرێکاران لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا و بەراوردی لەگەڵ نرخی یەک سکەی زێڕ و بەراوردی حەقدەستی کرێکارانی ئێرانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە نیشان دەدات کە حەقدەستی کرێکاران لە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠دا نەتەنیا بەپێی خاکەلێوەی ٩٩ کەمی کردووە بەڵکوو گەیشتووەتە کەمترین ئاست بەپێی ساڵی ٥٨.

بەراوردی حەقدەستی کرێکاران لەگەڵ نرخی یەک سکەی زێڕ نیشانی داوە کە توانای کڕینی کرێکاران ئەگەرچی لە ٤ دەیەی ڕابردوودا هەڵکشان و داکشانی زۆری هەبووە بەڵام ڕەوتێکی داکشاویی هەبووە و لەئێستادا گەیشتووەتە خوارترین ئاست لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا و بەپێی ساڵی ٥٨ یەک لەسەر پێنج کەمی کردووە.

لە ئێراندا کرێکاران کەمترین حەقدەستیان پێ دەدرێت و بەپێی پێویستیش ئاسانکارییان بۆ ناکرێت و بە سەختی دەتوانن بژێویی ژیانیان بەڕێوە ببەن و زۆربەی کرێکاران لەژێر هێڵی هەژاریدان.