کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماس دانی بە وەرگرتنی پارە لەلایەن تێرۆریست "قاسم سلێمانیـ"ـیەوە داناوە

10:59 - 9 بەفرانبار 2720

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس دانی بە وەرگرتنی ٢٢ ملیۆن دۆلار پارە داناوە کە کاتی خۆی سەرکردەی پێشووی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران لە تاران پێی داون.

"مەحموود ئەلزەهار" وەزیری دەرەوەی پێشووی حەماس و ئەندامی باڵای کادری ڕێبەریی حەماس، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار، لە وتووێژێک لەگەڵ "ئەلعالەم"، کاناڵی عەرەبی زمانی تێلێڤیزیۆنی سەر بە ڕێژیمی ئێران، دانی بە وەرگرتنی پارە لەلایەن قاسم سلێمانییەوە ناوە.

ئەو بەرپرسەی حەماس وتوویەتی: "لە دیداری ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ قاسم سلێمانی لە تاران کێشەی سەرەکیی مووچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و یارمەتییەکانی دیکە بۆ خەڵکی غەزەم بۆ باس کرد و حاج قاسم دەستبەجێ وڵامی داواکارییەکەمانی دایەوە، بە شێوازێک کە ڕۆژی دواتر کە کۆتایی سەفەرەکەمان بوو، ٢٢ ملیۆن دۆلارم لە جانتاکانی فڕۆکەخانەی تاراندا بینی".

"ئەلزەهار" هەروەها وتوویەتی: "بڕیار بوو پارەیەکی زیاتر وەرگرین بەڵام هەیئەتی حەماس ٩ کەس بوو و نەماندەتوانی زیاتر لەوە هەڵبگرین چونکە جانتاکان ٤٠ کیلۆی هەڵدەگرت".

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتوویەتی: "لەو سەفەرەدا سەرەتا لەگەڵ مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرکۆماری ئەوکاتی ئێران چاوپێکەوتنێکی ئەرێنیم بووە و داواکاریگەلێکمان لەویش هەبوو کە ئەو ئێمەی بە قاسم سلێمانی ناساند".

زۆربەی وڵاتانی جیهان بەتایبەت ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا، بزووتنەوەی حەماس بە ڕێکخستنێکی تێرۆریستی دەناسن.

یارمەتییەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و بەگشتی ڕێژیمی ئێران بە گرووپە تێرۆریستییەکان و پڕچەککردن و پشتیوانیی ماڵییان لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران لە قەیراندا دەژین.

ئەم دانپێدانانەش بە ئاشکرا باس لەو پشتیوانییە ماڵییە دەکات کە پێشتر ڕێژیمی ئێران نکۆڵیی لێ دەکرد، بەڵام هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە.